هێلکەخۆرێکی باشین
ساڵانە زیاتر لە ٩٢٢ ملیۆن هێلکە لەناو هەرێمدا ساغ دەبێتەوە
میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە ٧ هەزار کارتۆن هێلکە هەیە، بەڵام لەناوخۆدا ١٣ هەزار کارتۆنی رۆژانە بەرهەم دەهێندرێت و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش ساڵانە ٩٢٢ ملیۆن و ٣٢٠ هەزار هێلکە دەخۆن.
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە هاوردەکردنی هێلکە قەدەغە کراوە، لەوکاتەشەوە تا ئێستا پڕۆژەکانی هێلکە لە ١١ پڕۆژەوە بوون بە ٢٨ پڕۆژە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم بە میدیازانی راگەیاند: ئیستا هەرێم ڕۆژانە ١٣ هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنێت و ٦ هەزاری بۆ شارەکانی تری عێراق هەناردە دەکرێت.
تێچووی کارتۆنێک هێلکە بۆ خاوەن کارگەکان ٥٨ هەزار دینارە، ئێستا بە ٦٠ هەزار دینار دەیفرۆشنەوە، جاری وەهاش هەبووە هەزار تە ١٥٠٠ دینار کەمتر لەو نرخە فۆشتویانە.
بەو پێیە هەرێم ساڵانە بە بەهای ٢٧٥ ملیار و ٩٦٤ ملیۆن دینار بەرهەمی هێلکەی هەیە، سەروو ١٤٨ ملیاری لەناوخۆو ئەوەی تر لەدەرەوە ساغ دەبێتەوە.
“ئەو هێلکەیەی لە کوردستان بەرهەم دەهێندرێت یەکێکە لە باشترین هێلکەکان و لە داهاتووشدا بەرهەمی هێلکە زیاد دەکرێت”، بەڕێوەبەری سامانی ئاژاڵی وەزارەتی کشتوکاڵ وای وت.