بەریتانیا ڤاكسینی كڕیوە

هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی پەتایەكی دیكەی هاوشێوەی كۆرۆنا دەدرێت

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

شارەزایانی ئەمریکی هۆشدارییان داوە لە مەترسییەکی نوێ، كە ئەگەری هەیە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە دروستی بکات و لەوانەیە لە داهاتوودا گەشە بکات بۆ پەتایەک، ئەمەش بەهۆی پێشکەوتنە بەرچاوەکانی ڤایرۆسەکەدا لەم دواییەدا، لە رێگەی بڵاوبوونەوەی لە ناو مانگاکان و تووشکردنی هەندێک چەند كەسێك لە ئەمریکا.

بەپێی ئامارەکانی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان (CDC)، لەمساڵدا 58 حاڵەتی پۆزەتیڤی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ئەمریکا تۆمارکراوە.
ئەوەی جێی سەرنجە، هێشتا هیچ ئاماژەیەکی پشتڕاستکراوە بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە نێوان مرۆڤەکاندا نییە، چونکە دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەمریکا هێشتا مەترسییەکانی سەر تەندروستی گشتی بەهۆی ئەم پەتایەوە بە “کەم” هەڵدەسەنگێنن.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای ئامادەکاری کردووە، جەختی لەسەر پێویستی بەهێزکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی کردەوە، لە رێگەی توندکردنەوەی چاودێری و دابینکردنی کەرەستەی خۆپارێزی بۆ ئەو کرێکارانەی بەرکەوتنیان بە باڵندە یان ئاژەڵە تووشبووەکان هەیە، لەگەڵ گرنگیی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری بە شێوەیەکی وەرزی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

بە گوێرەی ئەوەی لەلایەن یۆرۆنیوزەوە بڵاوکراوەتەوە، ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای باڵندە H5N1 ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک دەبێتەوە کە رێگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی بە ئاسانی لەناو مرۆڤدا، گرنگترینیان پێویستی بە گۆڕانکاری بۆماوەییە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرتر سییەکان تووش بکات.

پەتایەکی قورسی ڤایرۆسی لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە

پەتایەکی قورسی ڤایرۆسی لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە

دوایین توێژینەوەکان کە گۆڤاری زانست Science بڵاویکردوونەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، جۆرێكی ئەنفلۆنزای باڵندە کە لەنێو مانگاکانی ئەمریکادا بڵاودەبێتەوە، یەك هەنگاو دوورە لەوەی بە ئاسانی لە ناو مرۆڤەکانیشدا بڵاوبێتەوە.

حكومەتی بەریتانیا لای خۆیەوە کڕینی زیاتر لە پێنج ملیۆن ژەمی ڤاکسینی ئەنفلۆنزای باڵندەی راگەیاندبووە، بە ئامانجی ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتایەک، كە رەنگە لە ئەنجامی پەرەسەندنی ڤایرۆسەکەوە بێتە ئاراوە و توانای تووشكردنی زیاتری مرۆڤی هەبێت.

دکتۆر میرا چاند، سەرۆکی بەشی تووشبوونە سەرهەڵداوەکان لە دەزگای ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا، جەختی لەسەر گرنگی ئامادەکاری پێشوەختە کردەوە و ئاماژە بەوە دەكات “زوو دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسینەکان، ژیان رزگار دەکات، زیادکردنی ڤاکسینی H5N1 بۆ لیستی ڤاكسینە بەردەستەكان، یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی مەترسییە تەندروستییە بەرفراوانەکان”.

هەر لەمبارەیەوە ئیان براون، لە پەیمانگای پیربرایت دەڵێت، “ڤاکسینەکە رێکارێکی گرنگی خۆپارێزییە، هەرچەندە ئێستا ئەنفلۆنزای باڵندە توانایەكی ئەوتۆی نییە تووشی مرۆڤ ببێت، بەڵام ئامادەکردنی کۆگایەکی ڤاکسین زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بە خێرایی مامەڵە لەگەڵ هەر مەترسییەکدا بکرێت.
شارەزایان ئاماژەیان بەوە کردووە کە چاودێریی وردی ڤایرۆسەکە هێشتا پێویستە بۆ چاودێریکردنی هەر گۆڕانکارییەک کە رەنگە توانای گواستنەوەی لە نێوان مرۆڤەکاندا بەرز بکاتەوە.
ماسیمۆ پالمارینی، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی ڤایرۆس لە زانکۆی گلاسکۆ، لە لێدوانێکدا دەڵێت: “هەرچەندە رەنگە هەرگیز پێویستی بە ڤاکسین سەرهەڵنەدات، بەڵام ئێستا ئامادەکاری هەنگاوێکی ژیرانەیە”.

"رێگری ڤاکسین لە توشنەبوون بە پەتا سەدا 40 بۆ 60 کاریگەرە"