دوو ماڵ چۆڵ کران
لە سۆران زەوی داڕما و مەترسی بۆ سەر چەند ماڵێک دروست کرد
964+
شۆڕش قادری
دوای داڕمانی بەشێک لە شاخی سەر رێگای بێخاڵ، لە سۆرانیش زەوی داڕما و مەترسی بۆ سەر چەند ماڵێک دروست کرد.
کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە 964ـی وت، “ئێوارەی دوێنێ هەینی ئاگادارکراینەوە لە هەبوونی رووداوێکی داڕمانی زەوی لە گەڕەکێکی سۆران، دەستبەجێ چوار تیممان دەرچوون و توانیان تەنیا دوای شەش خولەک بگەنە شوێنی رووداوەکە”.
“رووداوەکە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام دیواری ماڵێکی رووخاند کە لە کاتی دروستکردندابوو، تەواو نەکرابوو”، کاروان میراودەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکە مەترسی لەسەر دوو ماڵی دیکە دروست کردووە، بۆیە چۆڵ کراون.
کاروان میراودەلی وتیشی، پەیوەندیان بە ئیدارەی سۆران و قایمقامیەتەوە کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ لە رێگەی شارەوانییەوە کار لەو شوێنە بکرێت، بۆ رەواندنەوەی مەترسییەکان.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە هەر بەیانی دوێنێ هەینی 13.12.2024 بەشێک لە شاخی سەر رێگای نێوان خەلیفان – بێخاڵ داڕما و دواتر بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانی سۆران، رێگاکەی پاککردەوە.