لە زاخۆوە دەستپێدەکات
سیستمى کاشێر بەسەر مارکێتەکاندا دەسەپێندرێت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
سیستەمی کاشێر بەسەر مارکێتەکانی زاخۆدا دەسەپێنڕێت و چاودێرى بازرگانیش دەڵێت، هەنگاوەکە بەمەبەستی یەکخستنی نرخ و رێگریکردن لە قۆرخکاری.
بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی زاخۆ، لیژنەیەکى پێکهێناوە و دەیەوێت بە دوو قۆناغ هەموو مارکێتەکان بەتایبەت ئەوانەى خواردەمەنى دەفرۆشن، سیستمى کاشێر پەیڕەو بکەن.
قۆناغی یەکەم پێش سەرى ساڵى نوێ دەستپیدەکات، پێویستە هەموو شوێنەکانی فروشتنی خواردەمەنى و مارکێتە گەورەکان، نرخی تەواو لەسەر هەموو کەرەستەکانیان دابنێن و لە قۆناغی دووەم کە دوای سەری ساڵە ئەرکە لەسەر هەموویان سیستەمی کاشێر دابنێن.
کوڤان ئاڤدەل، بەرێوەبەری چاودێری و بازرگانی زاخۆ بە 964ـى وت،”مەبەستمان لەسیستەمی کاشێر یەکخستنی نرخەکانە و هیچیتر نا، دوای جێبەجێکردنی سیستەمەکە هیچ مارکێتێک ناتوانێت بەئارەزووی خۆی نرخ لەسەر کەرەستەکان دابنێت”.
وەک باسى دەکات، پسوڵەى هەژمارى هەموو شوێنەکان بەدەستیان دەگات و چاودێرى دەکەن بۆ ئەوەى نرخەکان جێگیربن و رێگرى بکەن لە قۆرخکارى.
جەختیش دەکاتەوە، ئەم هەنگاوە لە پێناو هاوڵاتیاندایە و بەسەرکەوتنى ئەو ئەزموونە پێدەچێت شوێنەکانى دیکەش چاویان لێبکەن و هەمان رێکار بگرنەبەر.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح