964 بەدواداچوونى کردووە
داشکاندنەکانى بلاک فرایدەى راستى بوون؟
964+
وریا فەتاح
لە بلاک فرایدەى، بەشى زۆرى بازاڕ و فرۆشگاکانى هەرێمى کوردستان داشکاندنیان لە نرخەکان کرد، بەڵام هاوڵاتیان گومانیان لە داشکاندنەکان هەبوون و دوو شوێنیش لەسەر ئەوەى ساختەکاریان لە داشکاندنەکان کردووە، سزادران.
زۆر جار لە بازاڕ و مارکێتەکانى هەرێمى کوردستان داشکاندن دەکرێن، بەڵام زۆرێک لە هاوڵاتیان متمانەیان بە داشکاندنەکان نییە و پێیان وایە نرخەکان هەڕەمەکین و زۆر جار راستى نین.
بەپێى رێنماییەکانى چاودێرى بازرگانى، دەبێت هەر بازاڕ و مارکێت و کۆمپانیایەک داشکاندن بکات پێش 10 رۆژ لیستى نرخەکان و ئەو کەلوپەلانەى داشکاندنیان بۆ دەکات بۆ چاودێرى بازرگانى بنێرێت و نرخى پێشتر و داشکاندنەکەش دیارى بکات.
لە بلاک فرایدەى چى روویدا؟
رۆژى هەینى رابردوو، لە جیهاندا بلاک فرایدەى بوو، لە هەرێمى کوردستانیش بەشی زۆری بازاڕەکان و فرۆشگاکان داشکاندنی تایبەتیان بۆ نرخەکان کرد.
964 بەدواداچوونى بۆ ئەوە کرد کە ئایا ئەو داشکاندنانە راستى بوون یان ساختە، ئەوەى کردە پرسیار و ئاراستەى هۆگر عەلى، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى بازگانى هەولێر کرد و ئەو لە وڵامدا وتى،” دوو رۆژ خۆم و لیژنەکانمان لە بازاڕ بووین بۆ چاودێریکردنى داشکاندنەکان و ئیستیغلال نەکردنى هاوڵاتیان بەو داشکاندنانەى کراون، بەگشتى داشکاندنەکان باشبوون و لێیان رازى بووین”.
هیچ شوێنێک سزادرا؟
هۆگر عەلى لە وڵامى ئەو پرسیارەدا بە 964ـى وت، لە بلاک فرایدەى دوو شوێن لەسەر ساختەکارى لە داشکاندنەکان سزادران، یەکێکیان 100 دۆلارى بە 152 هەزار دینار مامەڵە پێوە دەکرد، ئەوەى تریش لەسەر ئەوە سزادرا نرخى ئەو داشکاندنانەى خستبوویەروو، کاتێک لە کاشێر هەژمارمان کرد هەر نرخە کۆنەکە بوو نەک داشکاندنەکە.
وەک باسى دەکات لە داشکاندنەکان، پەیوەندى باشیان لەگەڵ مارکێت و کۆمپانیاکان هەیە و 10 رۆژ پێشتر لیستى ئەو کەلوپەلانەى داشکاندنى بۆ دەکەن بۆیان دەنێرن، ئەوانیش دواى بەدواداچوون رێگەپێدانیان بۆ دەکەن.
هۆگر عەلى
زۆر جار هەیە ئەو کەلوپەلایەنەى داشکاندنى بۆ دەکرێت بەروارى بەسەرچوونیان نزیکە، لەو کاتەدا رێگەیان پێنادەین داشکاندن بۆ ئەو کەلوپەلە بکرێت
964 لە گفتوگۆى ئەو بابەتە لەگەڵ بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانى هەرێم باسى لەوە کرد کە لە هەرێمى کوردستان دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان KMCA، نرخ و پشتڕاستکردنەوەى کۆلێتى بۆ نزیکەی 11 هەزار دەرمان کردووە، ئەویش لە رێگەی ستیکەرێکى لاکێشەییەوە بۆچى بیر لەوە نەکراوەتەوە بۆ شمەک و کەلوپەلەکانى بازاڕیش هەمان کار بکرێت؟، لەسەر ئەوە هۆگر عەلى وتى،”ئەمە بیرۆکەیەکى باشە و لە کۆبوونەوەى داهاتوویان لەگەڵ کۆمپانیاکان دەیخەنەڕوو و قسەى لەسەر دەکەن”.