دژی پاڵاوگە نایاساییەکان گردبوونەوە
دانیشتووانی گوندی لاجان رێگای هەولێر – گوێریان داخست
964+
شۆڕش عەبدوڵا – هەولێر
لەسەر رێگای هەولێر – گوێر گردبوونەوە دژی دوکەڵی پاڵاوگە نایاساییەکان ئەنجام درا.
کەمێک لەمەوبەر ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی لاجان هاتنەسەر رێگای هەولێر – گوێر و ناڕەزاییان بەرامبەر دوکەڵی پاڵاوگە نایاساییەکان دەربڕی کە بەوتەی خۆیان زۆر نزیکن لە ماڵەکانیان.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە داوا دەکەن ئەو پاڵاوگانەی کە لەو سنوورەن دابخرێن یان دووربخرێنەوە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، چەندین هاوڵاتی ئەو سنوورە بەوهۆیەوە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون.
پرسی پیسبوونی ژینگەی شارە گەورەکانی هەرێم و بوونی دەیان پاڵاوگەی نایاسایی لە زۆربەی شارەکان و بە تایبەتیش هەولێری پایتەخت، ماوەیەکی زۆرە مشتومڕی لەسەرە و ژینگەدۆستان و چالاکوانان داوای داخستنی ئەو پاڵاوگانە دەکەن.
رۆژى 4.8.2024 ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە بەردەم مایکى میدیاکان حەوت خاڵى خوێندەوە کە وەک بڕیار لە بارەى ژینگەى هەولێرەوە دەرکرابوون، سەرەکیترینیان داخستنى 138 پاڵاوگەى نایاسایى بوو، لەو کاتەشەوە تا ئێستا نزیکەی 45 پاڵاوگە لە دەورووبەری هەولێر داخراون.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری
لە هەولێر 40 پاڵاوگە لەسەر پیسکردنی ژینگە داخران
داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان حکومەتی هەرێمی هێنایە سەرخەت