كێشان و تۆماركردنی زبڵی كانی قرژاڵە، فۆتۆ: شارەوانیی هەولێر
خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر
زبڵ و خاشاكی هەولێر دەكرێتە داتا و ئامار و توێژینەوەی لەسەر دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر رایانگەیاند، هەفتەیەک بە بەردەوامی لە شەو و رۆژدا پرۆسەی كێشانی زبڵ و خاشاكیان لە زبڵخانەی كانی قرژاڵە ئەنجام دا، دەیانەوێت بزانن لە هەفتەیەكدا چەند تۆن زبڵ و خاشاك دەچێتە زبڵخانەكەوە.
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر ژیار جەلال بە 964ی راگەیاند، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندازیارانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، بۆ ماوەی یەک هەفتە بە بەردەوامی و 24 کاتژمێر بەبێ دابران، توانیان لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە لەلایەن لیژنەی بەدواداچوونەوە کێشانی تەواوی بڕی زبڵی هاتووی رۆژانە بۆ زبڵخانەکە بکەن، تا لەو رێگەیەوە بتوان وردبینییەکی باشتری بەڕێوەبردنی کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانی شاری هەولێر و دەوروبەری بکەن.
وتیشی، كارەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئەنجامدران و وەک سەرەتایەکە بۆ تەواوی داتا و زانیارییەکانی ماوەی یەک هەفتە لە رۆژ و شەودا، كە وەرگیراون و بۆ چەندین توێژینەوەی زانستی بەکاردێت و سوودی دەبێت .
لە بارەی ئامار و تۆماری كۆكردنەوەی زبڵ لە زبڵخانەی كانی قرژاڵە، ژیار جەلال رایگەیاند، هێشتا پرۆسەی تۆماركردنی داتاكان كۆتایی نەهاتووە و رەنگ 10 رۆژی پێویست بێت، بۆیە ژمارەیەكی دروستی لەبەردەستدا نییە.
هەروەها روونیكردەوە، داتاكان بە جۆرێك كۆكراونەتەوە، ئیتر دەزانین زبڵ و خاشاكی هەر ناوچەیەكی هەولێر و دەوروبەری چەندە و هەمووی تۆمار دەكرێت.