مەترسی رووخان و داڕمانی لەسەر بوو

دیواری راگری شاڕێی پێشمەرگە لە سلێمانی راست کرایەوە

شۆرش قادری

دیواری راگری شەقامی سەرەکیی شاڕێی پێشمەرگە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی راپەرین لە سلێمانی راست کرایەوە، کە مەترسی رووخان و داڕمانی لەسەر بوو.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “بە سەرپەرشتی تیمەکانمان و کۆمپانیای جێبەجێکار دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی دیواری راگری شەقامی سەرەکیی سلێمانی – تاسڵوجە کە ناسراوە بە شاڕێی پێشمەرگە”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی خواربوونی دیوارەکە، کە مەترسی رووخان و داڕمانی هەبوو، هەستاون بە رووخاندن و دووبارە دروستکردنەوەی بە شێوەیەکی مۆدێرن و باشتر، تا دووربێت لە داڕمان و هەر رووداوێکی نەخوازراو.

لە گەڕەکی بەکرەجۆی سلێمانیش، زیاتر لە مانگێکە دیوارە راگرەکەی پرۆژەی هەواری زانکۆ بەهۆی بارانەوە لاربووەتەوە، بەڵام تا ئێستا چاک نەکراوەتەوە و مەترسی لەسەر شۆفێران هەیە.