نزیکەی 10 کەس ناویان دێت
کێ جێگەی بەشار ئەسەد دەگرێتەوە
964+
شۆڕش قادری
دوای رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا، چاوەکان لەسەر ئەوەن کە کێ شوێنی دەگرێتەوە و کورسی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە دەگرێتە دەست، ئێستاش نزیکەی 10 کەس ناویان دێت.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی قەراری تورکی، ریاز حیجاب سەرۆک وەزیرانی پێشووی سوریا لە سەروی لیستەکە دایە و دوای ئەویش ناوی ئەحمەد شەرع ناسراو بە ئەبومحەمەد ج*ۆلانی فەرماندەی دەستەی تەحریری شام دێت، کە کۆنتڕۆڵی دیمەشقی پایتەختی سوریایان کرد.
هەروەها لە لیستەکەدا چەند کەسێکی دیکەی وەک محەمەد غازی جەلالی، سەرۆک وەزیرانی ئێستای سوریا و هادی بەحرە، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هێزە چەکدارەکان و ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پێشووی ئەنجومەنی نیشتیمانی سوریا، وەک بورهان غەلیون، ئەحمەد معاز، عەبدولباست سەیدا و جۆرج سەبرا و هەروەها ئەسعەد مستەفا وەزیری پێشووی کشتوکاڵی سوریای تێدایە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە 8.12.2024 هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە چەکدارەکان و ئۆپۆزسیۆنی سوریا نیازپاکی خۆی بۆ پێکهێنانی حکومەتی راگوزەر دوای رووخانی رژێمی ئەسەد نیشان دا.
هاوپەیمانییەکە لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، “ئێمە بەردەوامین لە کارەکانمان بۆ تەواوکردنی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دەستەیەکی حوکمڕانی راگوزەر، کە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی تەواوەتی هەبێت، بۆ گەیشتن بە سوریایەکی ئازاد و دیموکرات.