ئەگەر وا بڕوا کارەکانیان رادەگرن

کەمبوونەوەی بەشە غاز بریکارەکانی ھەڵەبجەی تووڕە کردووە

964+

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

لە ھەڵەبجە گرفتی کەمی غاز ھەیە و بریکارەکانی غازیش ھەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر ئەم گرفتە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کارەکانیان رادەگرن و چیتر غاز دابەشناکەن.

زەکەریا حەمە حسێن، بریکاری غاز بە 964ـی وت، پێشتر ھەموو رۆژێک، تەنانەت رۆژانی ھەینیش غاز ئەھاتە کارگەکان، بەڵام لە ئێستادا شەش رۆژ جارێک غاز دێت، ئەمەش وایکردووە، گرفتی کەمی غاز لە کارگەکان درووست ببێت، ھەروەھا پێشتر لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی ھەتا 12:00ـی نیوەڕۆ لە کارگەکانەوە غاز دەدرا بە بریکارەکان، بەڵام ئێستا بە پێی بڕیارێک تا کاتژمێر9:00 بەیانی غاز دەدرێتە بریکارەکان، ئەمەش گرفتێکی دیکەیە و  داوامان کردووە، چارەسەر بکریت.

لە لای خۆشیەوە، ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ھەڵەبجە بە 964ـی وت، ھەڵەبجە لە مانگێکدا پێویستی بە 25 بەشە غاز ھەیە، بەڵام تەنھا نزیکەی 20 بەشە غازمان بۆ دێت، ئەمەش بووەتە ھۆکاری سەرەکی گرفتەکە، داواشمان کردووە کە بۆمان زیاد بکرێت بەڵام ھێشتا بۆمان زیاد نەکراوە.

وتیشی، گرفتی کاتی دابەشکردنی غاز لەلایەن کارگەکانەوە بەسەر بریکارەکاندا بڕیارێکی گشتییە، تەنھا پەیوەست نییە بە پارێزگای ھەڵەبجەوە.

لە ھەڵەبجە سێ کارگەی غاز ھەن کە ئەوانیش (کارگەی غازی عەبابەیلێ، کارگەی غازی سیروان و کارگەی عازی عەنەب)ـە ئەو کارگانەش نزیکەی 33 بریکاری دابەشکردنی غازیان ھەیە، کە لە رێگەی کارگەکانەوە غاز بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

لە سێ قەزا غاز کەمی کردووە و نرخی بەرزبووەتەوە

لە سێ قەزا غاز کەمی کردووە و نرخی بەرزبووەتەوە