رەوانەی عێراق و لوبنانی کردوون

ئێران دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا کردووە

شۆرش قادری

دوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە سوریا، ئێران دەستی بە کشانەوەی دیپلۆماتکاران و هێزەکانی لە سوریا کردووە.

ماڵپەڕی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەزاری سێ بەرپرسی ئێرانی و چەند بەرپرسێکی باڵای ناوچەکە بڵاویکردووەتەوە، “لە دوێنێ هەینییەوە، ئێران دەستی بە کشانەوەی راوێژکاران و هێزە سەربازییەکانی لە سوریا کردووە و بەشێکیانی رەوانەی عێراق و لوبنان کردووە”.

ئەو بەرپرسانە کە نەیانویستووە، ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، ئاماژەیان بەوەشکردووە، جگە لە هێزەکانی، ئێران ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران و خێزانەکانیانی لە  دیمەشق کشاندووەتەوە.

ئەوەشیان خستووتەڕوو، کە بەشێکی زۆری ئەو هێزانەی ئێران کە لە سوریا کشاونەتەوە، فەرماندەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانن و ئەوانەن کە لە چەند ساڵی رابردوودا هاوکاری سوپای سوریایان کردووە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت کە چەند رۆژێکە چەکدارانی دەستەی تەحریری شام هێرشیان بۆ سەر چەند شارێکی سوریا دەستپێکردووە و تا ئێستاش لە پێشڕەویدان، ئەمڕۆش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هاوڵاتیانی کرد، دەستبەجێ سوریا جێبهێڵن.