هۆشیار بیاوێڵەیى، مین هەڵگرەوە کە بەهۆى مینەوە قاچەکانى لەدەستداوە
لە رۆژى جیهانى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان
کێڵگە مینەکان چەند کەسیان کەمئەندام کردووە؟
وریا فەتاح
دەزگاى گشتى کاروبارى مین بەبۆنەی رۆژى جیهانى کەمئەندامان رایدەگەیەنێت، مین و تەقەمەنى بووەتە هۆى برینداربوون و گیانلەدەستدانى 13 هەزار و 500 کەس.
ئەمڕۆ 3ـى دیسەمبەر، رۆژى جیهانى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە
دەزگاى کاروبارى مین لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە، ساڵانێک لە شەڕ و قەیران لە هەرێمی کوردستان میراتێکی پڕ ئازاری مین وتەقەمەنی بەجێهێشتووە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی زیاتر لە 13 هەزار و 500 کەس و پەککەوتە و بێبەشکردنیان لە ژیانی ئاسایی رۆژانەیان.
داواش لە هەردوو حکومەتى هەرێم و فیدڕاڵ دەکات، هەنگاوی جددی و کاریگەر بنێن بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی شایستە بۆ کەمئەندامان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و دابینکردنی هەموو ئەو مافانەی کە لە رێکەوتنە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکاندا بۆیان دیاریکراوە.
جەبار مستەفا، بەڕێوەبەرى گشتى دەزگاى مینى هەرێم بە 964ـى وت، لەسەرەتاوە 776 کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکى هەرێم مینڕێژکرابوو، بەڵام 576 کیلۆمەتر چوار گۆشە پاککراوەتەوە و 200 کیلۆمەترى ماوە”.
لەبارەى ئامارى قوربانیانى مینەوە ئاشکراى کرد، تائێستا 13 هەزار و 580 کەس بەرکەوتەى مینن (گیانلەدەستدان و بریندار)، بەڵام ئامارى وردتر نییە و پێشبینى دەکەین 5000 کەسیان گیانیان لەدەست دابێت بەهۆیەوە و ئەوانى دیکە کەمئەندام بووبن.