85 هه‌زار دانه‌یه
ژینگه‌پارێزه‌كه‌ى راپه‌ڕین فلته‌رى جگه‌ره‌كانى ژمارد و له سندوقه‌كاندا كۆیكرده‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ژینگه‌پارێزه‌كه‌ى راپه‌ڕین ته‌واوى فلته‌رى ئه‌و جگه‌رانه‌ى له ماوه‌ى رابردوو كۆیكردبووه‌نه‌وه ژماردوونى و 85 هه‌زار دانه‌یه، ده‌شڵێت “ده‌مه‌وێت ژینگه له ماده ژه‌هراوییه‌كان بپارێزم.
سۆران حوسێن عه‌بدوڵا، ناسراو به سۆران دڵپاک، ده‌رچووى زانكۆیه له به‌شی ژینگه، له ناحیه‌ى چوارقوڕنه داده‌نیشێت و ماوه‌ى 14 ساڵه خه‌ریكی كارى جۆراوجۆرى ژینگه‌پارێزییه، به‌ڵام له‌دیارترین كاره‌كانى كۆكردنه‌وه‌ى فلته‌رى ئه‌و جگه‌رانه‌یه كه به‌شێكی جگه‌ره‌كێشه‌كان له‌ناو باخى گشتیى رانیه رۆژانه ده‌یكێشن.
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر سۆران به 964ـى وت به‌نیازه ئه‌و فلته‌رى جگه‌رانه له پێشانگایه‌ك نمایش بكات و ئاماژه‌ى به‌وەش كردبوو كه توانیویه‌تى 30 هه‌زار دانه كۆبكاته‌وه، به‌ڵام ئێستا كه ژماردوونى ده‌ركه‌وتووه ژماره‌ى فلته‌ره‌كانى زۆر زیاتره.
سۆران ده‌ڵێت، “ماوه‌ى چوار شه‌و له ئێواره‌وه تا 12 شه‌و به به‌رده‌وامى خه‌ریكی ژماردنى فلته‌ره‌كان بووم و هه‌موویم له‌ناو سندوقى تایبه‌ت داناوه”.
باس له‌وه‌ده‌كات، به كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌م فلته‌رانه بۆم ده‌ركه‌وتووه كه ئه‌م وڵاته‌ى ئێمه چۆن غه‌رقی پیسی و ماده ژه‌هراوییه‌كان بووه و پێویستى به پاراستنییه‌تى.
ئه‌م، وه‌ك ژینگه‌پارێزێك كارى پاككردنه‌وه‌ى سه‌رشه‌قامه‌كان و مه‌زرا و مه‌نهۆڵ و وه‌ك هاوكارییه‌كیش قوتابخانه‌كان خاوێن ده‌كاته‌وه و ده‌شڵێت، تا ئێستا 30 رێزلێنانى له‌لایه‌ن شوێن و كه‌سایه‌تى جیاوازه‌وه پێشكه‌ش كراوه.