
بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، ئەوکاتەی هەردووکیان هاوسەرۆکی یەکێتی بوون
تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی: لاهور جەنگی یەکێکە لە دەرکراوەکان
964+
هێمن بەکر
تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا جەختدەکەنەوە کە “لاهور جەنگی پۆستی حزبی نییە و یەکێکە لە دەرکراوەکان بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی”.
راگەیەندراوەکە لەبارەی سکاڵاکانی لاهور شێخ جەنگیە لەسەر بافڵ تاڵەبانی کە لە هەولێر و بەغدا کردوویەتی.
تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی دەڵێن “بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە هەموو سکاڵاکان لە بەرژەوەندی سەرۆک بافڵ کۆتایی پێهاتووە و لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش پەسەندکراوە”.
باس لەوەشکراوە “کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پەسەندکردووە کە تێیدا پەیڕەوی بەڕێوەبردنی یەکێتی گۆڕیوە لە سیستمی هاوسەرۆکییەوە بۆ سیستمی سەرۆکی”.
رۆژی 30-1-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی لاهور شێخ جەنگی تایبەت بە دۆخی ناوخۆی یەکێتی لەدوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی 2021ەوە کۆبووەوە کە لەرێگەی پارێزەرەکەیەوە داوای کردبوو بڕیارەکانی تایبەت بە دەرکردنی خۆی و ئەندامانی دیکەی یەکێتی لە ریزەکانی ئەو حزبە، دانانی ژمارەیەک کەس بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی، دانانی بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی، گۆڕانکارییەکانی پەیڕەوەی ناوخۆی یەکێتی هەڵبوەشێنێتەوە.
بەڵام کۆمیسیۆن کە پشتی بە بەڵگەنامە سەرەتاییەکان و بڕیارێکی دادگای بەرایی سلێمانی لە رۆژی 9-10-2022 بۆ بڕیاردان لەبارەی دۆسییەکەوە بەستبوو، بڕیاریدا بە “پەسەندکردنی بڕیاری فەرمانگەی کاروباری حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی ژمارە (ش.ح/خ/84) لە رۆژی 15-1-2023 کە داوای رەتکردنەوەی داواکارییەکانی پارێزەری لاهور شێخ جەنگی رەتدەکاتەوە”.
بە گوێرەی نووسراوێکی دادگای لێکۆڵێنەوەی ئاسایشی هەولێر کە لە 1-2-2023 دەرچووە، دادگا وەڵامی نووسراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەداتەوە و دەڵێت “لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە”.
رۆژی پێنجشەممە، 2-2-2023، سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی لەبارەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو “بڕیارەکەی کۆمیسیۆن لە شوێنی خۆی نەبوو، بۆیە ئەمڕۆ لە دادگای پێداچوونەوە لە بەغدا تانەمان لێدا کە بەپێی یاسا دەتوانرێت لە ماوەی سێ رۆژدا تانەی لێبدرێت و دەبێت دادگاکە لە ماوەی 10 رۆژدا پرسەکە یەکلایی بکاتەوە”.
لەبارەی بڕیارەکەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە راگەیەندراوەکەی تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی هاتووە “ئەو سکاڵایەی کە باس دەکرێت لە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، ئەو داوایە لە تایبەتمەندیی ئەو دادگا بەڕێزە نییە و ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە تەنیا روونکردنەوەیە، نەک بڕیاری دادگا. بۆ زانیاری هەموو لایەکیش جارێکیتر بڕیار لەو داوایە نادرێت بەهۆی ئەوەی پێشتر ئەم داوایە یەکلایی بووەتەوە و پلەی کۆتایی وەرگرتووە”.
رۆژی 8ی تەمموزی 2021، ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی گەیشتە ئاستێکی ئاڵۆز، کە سەری کێشا بۆ گۆڕینی بەرپرسانی دەزگای زانیاریی و دژە تیرۆر لە لایەن بافڵ تاڵەبانی، دواتر گەیشتە ئەوەی لە رۆژی 15ی هەمان مانگ، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی دەسەڵاتەکانی لە لاهور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.