وێنەى کەروێشکەکانیان بڵاو کردبووەوە

ئەو کەسانەى کەروێشکەکانیان راوکردبوو دەستگیرکران

ژوولی عەدنان

چوار راوچى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى وێنەى خۆیان و ئەو کەروێشکانەیان بڵاو کردبووەوە کە راویان کردبوون، بەڵام ئەمە بوو بە بەڵا بۆیان و پۆلیس دەستگیرى کرد.

هێمن کەمەرخان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـى وت،” دوای ئەوەی چوار هاووڵاتی لە سنووری قەزای سەیدسادق هەستابوون بە راوکردنی کەروێشک و پاشان وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردبۆوە، لە لایەن بەشی پۆلیسی دارستانی سەیدسادق دەستگیر کران و روبەڕووی یاسا کرانەوە”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، ئەو کەسانە بۆ حەزی خۆیان وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردبوەوە.

جەختیش دەکاتەوە، تاوانبارەکان ناتوانن نکۆڵى لە کارەکەیان بکەن، چونکە خۆیان وێنەکانیان بڵاوکردووەتەوە.

” تۆمەتباران رووبەرووی یاسا کراونەتەوە و سزای راوکەران بەپێی ئەو ئاژەڵەی راویانکردووە جیاوازە بۆ نموونە سزای راوکردنی کەڵە کێوی و بزنە کێوی 10 ملیۆن دینارە، بەڵام سزای راوکردنی کەروێشک کەمترە”، هێمن کەمەرخان واى وت.