کریستیانە تاقانەکەی شیلادزێ

میدیازان- هەژین فەتاح- دهۆك

لەشیلادزێ تاکە خێزانێکی مەسیحی هەن کە ٤٦ ساڵی رەبەقە لەو شارۆچکەیە دەژین و لەگەڵ موسوڵمانەکانی ئەوێ بوونەتە خزم و کەسی یەک.

ئەپرامی ٦٥ ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی و دایکی لەساڵی ١٩٧٦ ئەو کاتەی گوندەکەیان راگوێزراوە (گوندی هێشتن) روویان لەشیلادزێ کردووە، ئەو کات چەند خێزانێکی تری کریستیان هاوسەفەریان بوون، بەڵام دواتر هەموو ئەو خێزانانە لەوێ رۆیشتوون و تەنیا ماڵی ئەپرام ماونەتەوە.

ئەپرەم لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگەی خانەنشینە، سەرقاڵی بەخێوكردن و پەروەردەكردنی مەڕوماڵات وكاری باخ و بێستانە، ئەو دەڵێت:’لێرە بە شێوەیەكی زۆر باش دەژین و رێزێكی زۆر لە نێوان ئێمەو موسوڵمانەكاندا هەیە ولە جەژن و بۆنەكاندا سەردانمان دەكەن’.

ئەپرام لەوە دەرچوو خۆی بە میوان بزانێ، ٤٦ ساڵ تەمەن کەم نییە لەو شارۆچکەیە بەڕێی کردووەو ئەو ئێستا خاوەنی باخ و بێستانی خۆیەتی، کە بۆ میدیازان قسەی کرد زۆر ئاسوودەیی پێوە دیار بوو.

ئەپرام و دایکی و هاوسەرەکەی هەموو رۆژانێكی یەك شەممە دەچنە دێرەلوك كە ١٥ كیلۆمەتر لە شوێنی نیشتەجێبوونیانەوە دوورە و لەوێ نوێژ و رێورەسمە ئاینییەكانیان ئەنجامدەدە، چونکە لەشیلادزێ کەنیسەی لێ نییە.

ناحیەی شیلادزێ  دەكەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك،١٥ كیلۆمەتر لە ناحیەی دێرەلوك و ١٣٤ كیلۆ مەتر لە سەنتەری پارێزگای دهۆكەوە دورە و زۆربەی دانیشتوانەكەی بە بەكاری باخداری و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن