لە سۆران بازاڕی حەریق گەرمە
+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ترسی رووداوى ته‌قینه‌وه‌كانى غاز وەکو ساڵی رابردوو له سلێمانى و دهۆك روویدا، واى له خه‌ڵكی سۆران كردووه بۆ پاراستنى گیان و ماڵیان روو له كڕینى ئامێره‌كانى ئاگركوژێنه‌وه بكه‌ن، فرۆشیارێكی ئه‌و ئامێرانه دەڵێت “خواست له‌سه‌ر كڕینى ئه‌و ئامێرانه زیادیكردووه”.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران كه له مانگى رابردوو بڵاوكرایه‌وه، تەنیا لە ساڵی رابردوودا 87 ماڵ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سووتاون، هۆكاری سووتانیشیان، ته‌قینه‌وه‌ى بۆتڵی غاز و شۆرتی كارەبا بووە، به‌و هۆیه‌شه‌وه دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و حەوت كه‌سیش بریندار بوون.
ئه‌و ئاماره‌ى ساڵى 2022ی سۆران به‌راورد به ساڵى پێشترى زیادیان كردووه، هه‌روه‌ك موقەدەم بەیار باڵەكی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆرانیش ئه‌وه‌ى بۆ تۆڕى 964 دووپاتكرده‌وه كه “ساڵ به ساڵ رووداوه‌كان روویان له زیادبوونه، بۆیه خۆپارێزى هاوڵاتیان باشترین چاره‌سه‌ره بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و رووداوانه”.
له‌ناو بازاڕى سۆراندا ته‌نیا فرۆشگایه‌كی تایبه‌ت به ئامێره‌كانى ئاگركوژێنه‌وه هه‌بوو، به‌ڵام له‌دواى رووداوى ته‌قینه‌وه‌كانى غاز له سلێمانى و دهۆك، بازاڕه‌كان به‌گشتى و سۆران به‌تایبه‌تى روویان له فرۆشتنى ئامێرى ئاگركوژێنه‌وه كرد.
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى تۆڕى964، له ئێستاد زیاتر له دوو فرۆشگاى ئامێرى ئاگركوژێنه‌وه هه‌یه لە سۆران، كه یه‌كێكیان كۆمپانیایه‌كى رێگه‌پێدراوه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه و خاوه‌نى هه‌ردووه مۆڵه‌تى فرۆشتن و پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و ئامێرانه‌یه
شێرزاد سلێمان سوورچی، خاوەنی كۆمپانیا‌و كارگەی شێرزادە بۆ ئامێرەكانی ئاگر كوژێنەوە، به تۆڕى964ـى وت “له‌ئێستادا خواست لەسەر كڕینی ئامێری ئاگركوژێنەوە لە سنوری ئیدارەی سۆران رووی له زیادبوونه”..
18ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بۆ یه‌كه‌مجار شێرزاد ئامێر و كه‌لوپه‌له‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ى به سنوورى سۆران ئاشنا كرد، تا ئێستاش بۆته ئه‌و ناوه‌نده‌ى كه خه‌ڵكی بۆ ئه‌و بابه‌ته رووى تێبكه‌ن، دەڵێت “ئاگركوژێنەوە وەك نانی شەو بۆ هەموو ماڵێك پێویستە، نانت نەبێت، بەڵام ئاگركوژێنەوەت هەبێت، چونكە لە بەڵاو كارەساتی گەورە دەتپارێزێت”.
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه كه نرخى ئامێره‌كانى له 25 هه‌زار تا 35 هه‌زار دینارن و شه‌ش مانگ جارێكیش به پاره‌یه‌كی كه‌م ئه‌و ئامێرانه پڕده‌كرێنه‌وه.