بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان

بەشی راوێژکاری نەخۆشخانەی فێرکاری قەڵادزێ مانیان گرت

964+

محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ

بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان سەرجەم پزیشکانی راوێژکاری نەخۆشخانەیی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ، بایکۆتی دەوامی راوێژکاری بەیانیانیان کرد.

ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاری قەڵادزێ، ئەمڕۆ بە 964ـی وت، “نزیکەی دوو مانگە موچە نەهاتووە، بەوهۆیەوە بەشێک لە پزیشکە پسپۆڕەکانی نەخۆشخانەکەمان ئەمڕۆ دووشەممە 25.11.2024، بایکۆتی دەوامی راوێژکاری بەیانیانیان کردووە و دەڵێن تا موچەکانمان وەرنەگرین دەوام ناکەین”.

وتیشی، “ئەم دکتۆرانەی ئەمڕۆ مانیان گرتووە، پزیشکی راوێژکارین و ژمارەیان نزیکی 10 پزیشک دەبێت، ئەمڕۆ هیچ نەخۆشێکییان نەبینی و ئەو نەخۆشانەی زۆر هیلاکیش بوون رەوانەی بەشی فریاکەوتن کراون و لەوێ کاری پێویستییان بۆکراوە، ئەو حاڵەتانەی ساردیش بوون نەبینراون بەهۆی بایکۆتی پزیشکانەوە.”

“دیار نیە ئەو پزیشکانە کەی بایکۆتەکەیان دەشکێنن، چونکە نازانین کەی موچەیان پێدەدرێت، هەرکات موچە هات پزیشکەکانیش دەست بەکار دەبنەوە، ئەمە قسەی پزیشکەکان خۆیانە”، ئازاد ئەحمەد وای وت.

رۆژانە لە نەخۆشخانەی فێرکاری قەڵادزێ، زیاتر لە 150نەخۆش دەبینرێت، ئێستاش بەهۆی بایکۆتەکەوە 10بەشی نەخۆشخانە راوێژکارییەکە داخراون و هیچ نەخۆشێکیان نەبینیوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر