گەڕانی تیمێکی غەواس بە دوای تەرمی منداڵەکە - وێنە: 964
"نەخۆشی ئۆتیزمی هەبووە"
دوو رۆژ بەسەر خنکانی منداڵێک لە زێی بچووک تێپەڕی؛ هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە
شۆڕش قادری
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو منداڵێک لە ئاوى زێى بچووک لە سنوورى گوندێکى کۆیە خنکا، تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و هیچ سۆراغێکی نییە.
گۆران ئەحمەد بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە 964ـی وت، “رۆژی پێنجشەممە 21.11.2024 لە گوندی کڵێسەی سەر بە قەزای کۆیە کوڕێکی تەمەن 10 ساڵ کە نەخۆشی ئۆتیزمی هەبووە، کەوتووەتە ناو ئاوی زێی بچووک و خنکاوە”.
“سەرەڕای گەڕانی بەردەوامی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کۆیە و خەڵکی ناوچەکە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو منداڵە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرەداوێکمان دەست نەکەوتووە و سۆراغی نییە”، گۆران ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، کۆڵ نادەن و بەردەوام دەبن تا تەرمەکەی دەدۆزنەوە.
پێشتر شەلال ئیسماعیل، باپیری منداڵەکە بە 964ی وتبوو، ئەو منداڵە لەگەڵ خێزانەکەی بۆ سەردانی ماڵی باپیری و بە مەبەستی گەشت و سەیران چوونەتە گوندی کڵێسە، بەڵام کاتێک زانیویانە، منداڵەکە کەوتووەتە ناو زێی بچوک و فریا نەکەوتوون، رزگاری بکەن.
گوندی کڵێسە کە زێی بچووک بە تەنیشتیدا تێپەڕدەبێت، 41 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای کۆیەوە دوورە.