"تا سەری ساڵ دەبێت هەمووی بڕووخێندرێت"
زیاتر لە 100 دوكان و خانوو لە خورماتوو دەڕووخێندرێن
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
شارەوانیی خورماتوو بەهاوکاری پۆلیسی قەزاکە، هەڵمەتێکی چڕیان بۆ سەر ژمارەیەک زەوی دەستپێکردووە، کە خانوویان لەسەر دروستکراوە و بەنیازن سەرجەمیان بڕوخێنن.
عەبدولڕەحمان حەسەن، یەکێکە لەو هاوڵاتییانەی کە خانووەکەی رووخێنراوە و بە 964ـی وت، چەند ساڵێک پێش ئێستا خانووەکەیان لە هاوڵاتییەک کڕیووە و هیچ کەسێک ئاگاداری نەکردوون کە ئەوانە دەڕوخێندرێن و ئێستا شارەوانی بەناوی زێدەرۆییەوە رووخاندویەتی.
دەشڵێت، پارەیەکی زۆری لە خانووەکەیدا خەرج کردوە و گەر حکومەت و شارەوانی قەرەبویان نەکەنەوە، ناچارین هەڵوێست وەربگرین بەگردبونەوی ناڕەزایی.
مەرعی رەشید، بەڕێوەبەری شارەوانیی خورماتوو بە964ـی وت، “ئەو زەوییانە بە نایاسایی بەکارهێنراون، هاوڵاتیان خانوو و دوکان و لە هەندێ شوێن کارگەیان لەسەر دروستکردووە و هەندێ شوێن تازە بەنیازی دروستکردنی خانوون، دەبێت تا کۆتایی ساڵ سەرجەمیان بڕووخێندرێن”.
وتیشی، ئەو خانووانەی دەڕووخێندرێن، دەکەونە گەڕەکە جیاوازەکانی قەزاکەوە و تا ئێستاش هیچ بڕیارێکی قەرەبووی ئەو کەسانە دەرنەچووە، کە زیانی مادیان بەرکەوتووە.
ژمارەی شوێنەکان زیاترن لە 100 خانوو و هەیکەل و دوکانن، ئەگەر چی لە ماوەکانی رابردوودا زیاتر لە 100 خانووی دیكەیان زێدەڕۆییان رووخاندوە و هەڵمەتەکەش تا سەری ساڵ بەردەوام دەبێت، كە دەبێت لەو ماوەیەدا هیچ خانوویەکی زیادەڕۆ نەمێنێت لە سنوری قەزاکەدا.
پێداچوونەوە: هاوبەش