لە ١٠ رۆژدا قەرزی کارەبا بدەن تا کارەباکەتان نەبڕاوە

Social Media

میدیازان – هاوبەش محەمەد – دیسکی سلێمانی

لە سلێمانی ماوەی ١٠ رۆژ دیاریکراوە بۆ ئەو هاوبەشانەی کارەبا کە لە شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەکان کار دەکەن و ٥ ملیۆن دیناری کارەبا یان زیاتر قەرزدارن، ئەگەر لەو ماوەیەدا قەرزەکانیان نەدەنەوە کارەباکەیان دەبڕدرێت.

سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە میدیازانی وت، ئەگەر پێش تەواوبوونی ئەو ١٠ رۆژە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی بکەن بەمەبەستی پاکتاوکردنی قەرزی کارەباکانیان، ئەوا قەرزەکانیان بۆ دەکرێت بە سێ قیست.

ئەم بڕیارە هەموو ئەو دووکانێک دەگرێتەو کە شوێنەکانیان لەلایەن شارەوانی بە شوێنێکی بازرگانی هەژمار کراوە، بەڵام ئەو ماڵانە ناگرێتەوە کە ناوچە بازرگانی و پیشەسازییەکاندان، سیروان محەممەد وای وت.

وتیشی، “هەندێک دووکان هەیە قەرزی کارەبایان گەیشتووەتە بڕی ٤٠ ملیۆن دینار (نزیکەی ٢٧ هەزار دۆلار).”

پێشتریش چەند جارێک وادە بۆ هاوبەشانی کارەبا دیاریکرا تا قەرزەکانیان بدەنەوە، سیروان محەممەد دەڵێت چەندین دووکان بەهۆی نەدانی قەرزەکانیان کارەبایان بڕدراوە بەڵام ئەگەر قەرزەکانیان بدەنەوە کارەبایان پێدەدرێتەوە.

بەپێی ئاماری رۆژی، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، یەک تریلیۆن و ٢٦١ ملیار دینار قەرزیان لای پێنج جۆر لە هاوبەشانی کارەبایە.