هێمن میرانی وا دەڵێت
“کۆمپانیا و خێزانە دەوڵەمەندەکان بازرگانی بە کرێکارانەوە دەکەن”
964+
ئەحمەد مستەفا
“ئیستغلالکردنی” هاتنی کرێکارانی بیانی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک کۆمپانیا و سەرمایەدار و خێزانە دەوڵەمەندەکان، بووە بە جۆرێک لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، ئەمە قسەی هێمن میرانییە.
بەڕێوەبەری گشتيی دیوانی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، ” تاوانی نێودەوڵەتی و رێکخراوی سنووربەزاندن پەیدابوون”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.11.2024، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتيی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، وتی، “تاوانی سنووربەزاندن هەیە، کە تاوانی بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە، بەو پێیەی زۆر کەس هەن، کە بە قاچاغ دانیشتووی هەرێمی کوردستان دەبەنە وڵاتانی دیکە بە بیانووی باشترکردنی دۆخەکەیان”.
باسی لەوەکرد، “جۆری دووەمی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بریتییە لە بازرگانیکردن بەو کرێکارە بیانیانەی، کە دەهێنرێنە سەر کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان و ناچار دەکرێن کاتژمێرێکی زۆر کاربکەن، ژیانێکی شایستەیان بۆ گەرەنتی ناکرێت کاتێک نەخۆش دەکەون ناگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و بێبەشدەکرێن لە مۆبایل و ئینتەرنێت”.
ئەو باسی لە نامۆی بازرگانیییەکە کرد وتی، “ئەمە جۆرێکی تری بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە کە نامۆیە بە دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردی، بەو پێیەی کرێکارانی بیانی لە مافەکانیان زەوت دەکرێن، موچەکانیان لە کاتی خۆیدا پێ نادرێت، رێگری لە پەیوەندیکردن بە کەسوکاریانەوە دەکرێت”.