خەمڵاندنی پسپۆڕ و لیژنەی پەرلەمان
16 دۆلار بەشی دەرهێنانی نەوتی کوردستان دەکات؟
+964
ژوولی عەدنان
سەرەڕای ناکۆکی لەسەر خەمڵاندنە داراییەکانی پەیوەست بە هەوڵ و وەبەرهێنان لە کێڵگە شاخاوییە پڕ هەرد و دۆڵەكانی ناوخۆی کوردستان، هەولێر زۆر چاوەڕێی نەکرد پێش ئەوەی پێشوازیی خۆی لە بڕیارەکەی بەغدا بۆ بەرزکردنەوەی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کوردستان بۆ 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک رابگەیەنێت، هیواشی دەربڕی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە زووترین کات.
رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر هەموارکردنەوەی بڕگەی تایبەت بە بەرهەمهێنان و رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) دەربڕی، لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیدا، بە حیسابکردنی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەرزکردنەوەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوە، بە نزیکەی 7 دۆلار مەزەندە کرا.
کۆمپانیاکانی نەوتی بیانی و ناوخۆیی، کە لە کوردستان کاردەکەن، چاوەڕوانی پێشهاتەکانن لەم دەستپێشخەرییەدا، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە، یەكێك لەوانە کۆمپانیاکانی “کار گرووپ”، پێشوازییان لەو بڕیارە کرد و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردن، شێخ باز بەرزنجی رایگەیاند، هەنگاوێکی ستراتیژییە بە ئاراستەیەکی دروستدا.
وردەکاری
بڕی مەزەندەکراوی 16 دۆلار کە تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێکە، بە تێڕوانینی شارەزایانی بوارەكە، ناڕاستەقینەیە، چونكە کێڵگەیەکی وەک گەیارە تێچووی دەرهێنانی بۆ هەر بەرمیلێک نەوت 27 دۆلارە، بەڵام کێڵگەکانی هەرێم شاخاوی و ناڕێکن، یەدەگەکانیشیان کەمترە لە کێڵگە لمییەکان، کە تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک لە 7 دۆلار زیاتر نییە.
هەناردەی نەوتی کوردستان لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 وەستا، ئەوەش دوای بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە دژی ئەنقەرە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کوردستانەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت، کە بووە هۆی ئەوەی زیانی کەڵەکەبووی وڵاتەکە بە نزیکەی 15 ملیار دۆلار مەزەندە بکرێت
هەموارکردنەوەی حکومەت بۆ بڕگەی نەوت لە بودجەدا چاوەڕوانی رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەرانە، ئەمەش وایکرد هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت راسپاردەی درێژکردنەوەی ماوەی یاسادانانی ئێستا بۆ مانگێک درێژ بکاتەوە، بۆ ئەوەی ژمارەیەک یاسا و بڕیاری هەڵپەسێردراو بە زووترین کات دەربکرێن.
ئەپیکۆر بە پێشنیارەکەی بەغدارازی دەبێت؟
سەرەڕای رازیبوونی حکومەتی هەرێم بە دوایین بڕیاری بەغدا لە بارەی دەرهێنانی نەوتەوە، بەڵام لەوانەیە بڕیاڕەکە لەلایەن كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان ناسراو بە ئەپیكۆر پەسەند نەبێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممەی رابردوو بڕیاری دا “دەستبەجێ دەستبکات بە رادەستکردنی ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەمهاتووە بۆ کۆمپانیای سۆمۆی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، بەمەرجێک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی وەک پێشینە قەرەبوو بکرێتەوە ، بە رێژەی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە دواتر دوای تەواوبوونی راوێژکاری تەکنیکی یەکلایی دەکرێتەوە”.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش ئەم هەموارکردنەوەیە لە میانی کۆڕبەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری) لێدوانی دابوو،”هەندێک کەس بابەتەکە وەک پرسێکی سیاسی دەبینن، بەڵام ئێمە بەو شێوەیە نایبینین، بەو پێیەی نەوت پرسێکی ئابوورییە، نەک پرسێکی سیاسی”.
سەرچاوەکانی ناو کۆمەڵەی پیشەسازی نەوت کە لە کوردستان کاردەکەن (ئەپیکۆر) دووپاتی دەکەنەوە کۆمپانیاکان رێکنەکەوتوون لەسەر ئەوەی بەغدا لە هەموارکردنەوەی بڕگەی بودجە بۆ نەوتی هەرێم خستوویەتیەڕوو، بەو پێیەی هەندێک کۆمپانیا پێیان وایە بڕی 16 دۆلار بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک بەس نییە و دەبێت بگاتە ئاستێک کە لانیکەم 20 دۆلار بێت.
لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی دیکەی ناو ئەپیکۆر هەموارکردنەوەی حکومەت بۆ بڕگەی تێچووی قەرەبووکردنەوەی دەرهێنانی نەوتی هەرێم، بە کارێکی ئەرێنی دەبینن، بۆ نموونە “كار گرووپ”، کە کارەکانی لە کوردستان و باشووری عێراق بەڕێوەدەبات، پێشوازی لەو بڕیارە کرد، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردن، شێخ باز بەرزنجی، لە تویتێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، رایانگەیاند، هەنگاوێکە بە ئاراستە دروستەکە، بەشدارە لە یەکگرتنی بۆچوونەکان و بەرزکردنەوەی هاوکاری و یەکگرتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوتدا.
بەرزنجی ئاماژەی بەوەش کرد، قەرەبووکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمدا، رەنگدانەوەی پابەندبوونێکی هاوبەشە بە گەشەپێدانی بەردەوام و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان، کە قۆناغێکی نوێی هاوبەشی بنیاتنەر دادەمەزرێنێت کە سوودی بۆ هەمووان دەبێت.
لیژنەی نەوتیی پەرلەمان پاڵپشتی زیادکردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت دەکات
حیسابکردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت بە زۆری پەیوەستە بە قەبارە و سروشتی کێڵگە نەوتییەکان و سەختی هەڵکەوتەی جوگرافی دەوروبەری، جگە لە رادەی قووڵاییەکەی لە زەویدا و قەبارەی کۆگا و یەدەگی تایبەت، بۆیە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەیەک بۆ کێڵگەیەکی دی دەگۆڕێت ، لەبەرئەوە هەندێک لایەن داوای بەرزکردنەوەی بڕی قەرەبووکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان دەکەن بۆ زیاتر لە 16 دۆلار.
ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئاسۆ فەرەیدون، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، هەموارکردنەوەی بڕگەکە لە بەرژەوەندی گشتیدایە، چونکە عێراق زیانی پێدەگات بە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی پەیوەست بە تێچووی دەرهێنانی نەوتەوە، تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کوردستان زیارە وەک لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ، بۆ نموونە بەسڕە، بۆیە ئەگەری زۆرە هەمووان پشتگیری ئەم دەستکارییە بکەن.
فەرەیدون ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا لە لیژنەی نەوتدا باس لە هەموارکردنەکە نەکراوە، بەڵام بڕی مەزەندەکراوی هەر بەرمیلێک بە 16 دۆلار بەس نییە و مەعقوولیش نییە، کێڵگە هەیە وەک کێڵگەی گەیارە، تێچووی دەرهێنانی بۆ هەر بەرمیلێک 27 دۆلارە، ئەمەش لە کێڵگەکانی هەرێمدا وایە چونکە هەڵکەوتەی جوگرافی شاخاوی و بەرز و نزمن و یەدەگەکانیان کەمترە لە کێڵگەکانی رومەیلە و بازرکان، کە تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک تەنیا لە 7 دۆلار تێناپەڕێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت لە پەرلەمان، ئەگەری ئەوەی رەتکردەوە حکومەت بتوانێت بەو بڕە پارەیە رێکبکەوێت لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی لە کوردستان کاردەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد 16 دۆلار باشترە لە 7 یان 8 دۆلار (پێشتر پێشنیارکرابوو)، ئەم ژمارەیە وەک تێکڕا وەربگرین لەوانەیە جیاوازی هەبێت لە رووی تێچووی دەرهێنانەوە لە کێڵگەیەکەوە بۆ یەکێکی دی.
ئاسۆ فەرەیدون پێشنیاری ئەوەی کرد، لیژنەی نەوت داوای زیادکردنی ئەو بڕە پارەیە بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەیرانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بهێنرێت، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە دیراسەکردنی ئەم هەموارکردنەوەیە لەناو لیژنە پەرلەمانییەکەدا تاوتویکردنی هۆکاری پەسەندکردنی لایەنە تەکنیکیەکان لەسەر بڕی 16 دۆلار، كە ئایا ئەم بڕە پارەیەیان بەپێی جیاوازی کێڵگەکان داناوە یا بە تێکڕا هەژمار کراوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەشێک لە کۆمپانیاکانی کارکردن لە کێڵگە فیدراڵییەکان، رۆژانە نزیکەی 60 هەزار بەرمیل دەردەهێنن و بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی 24 دۆلار وەردەگرن، بەو پێیە تێچووی بەرهەمهێنان کە حکومەتی فیدراڵی حیسابی دەکات زیاد دەکات هەرکاتێک بڕی دەرهێنراو کەمبکاتەوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل لەسەر زۆری بە 20 دۆلار بۆ ئەو کۆمپانیایانە دانراوە کە 150 هەزار بەرمیل یان زیاتر بەرهەمدەهێنن و ئەو بڕە پارەیەش تەنیا وەک قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان دیاریکراون، لە کاتێکدا بەغدا تێچووی گواستنەوە لە چوارچێوەی تێچووی ئەو بەرهەمهێنانەدا داناوە، کە دیاریی کردووە، بەپێی هەموارکردنەوەی ئەم دواییەی یاسای بودجە، تەنیا بە 16 دۆلار.