رەخنە لە پرسیارەكانی سەرژمێری گیرا

“چەند بەفرگر و مۆبایلتان هەیە؟”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتى پلاندانان دووچاری رەخنەى بەرفراوان بووەتەوە بەهۆی هەندێك لەو پرسیارانەی لە فۆڕمی سەرژمێری گشتییدا هاتوون.

پرسیارەكانی سەرژمێری گشتی، ئەوانەی تایبەت بە كەلوپەلی ناوماڵ و كەسی، لە لایەن هەندێك لە هاوڵاتیانی عێراقییەوە بە گاڵتەجاڕی ناودەبرێن، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، ئەو پرسیارانە پەیوەستن بە ئاستی خۆشگوزەرانی خێزانە عێراقییەکان و داڕشتنی سیاسەتی هاوردەکردن بۆ وڵات و زانینی بڕی پێویستی وزەی کارەبا و سووتەمەنی، کە خێزانی عێراقی پێویستی پێیەتی.

هەروەها ئاماژە بەوە دەكات، داتاکان لە رووی یاساییەوە بە نهێنی دەمێننەوە.

عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی 964 وت، وەک پسپۆڕ و شارەزای بواری گەشەپێدان، پرسیارەکە سەبارەت بە کەرەستە و مۆبیلیات زۆر گرنگە، چونکە ئامانجەکەی پێوانەکردنی ئاستی خۆشگوزەرانی خێزانی عێراقی و ئاستی هەژارییە.

“ئێمە باسی ئەو کاڵا بەهێزانە دەکەین کە لە فۆرمەکەدا دیاری کراوە، کە بریتین لە 18 کاڵا کە لە ئۆتۆمبێلەوە دەستپێدەکات و بە مۆبایل کۆتایی دێت، وەک تەلەڤزیۆن، ساردکەرەوە، بەفرگر و فڕنی كارەبایی و هەتادوایی، ژمارە و جۆری ئەم ئامێرانەش دەتوانن پێوەرەکانی خۆشگوزەرانی خێزانی عێراقی بپێون”، عەبدولزەهرە هنداوی وادەڵێت.

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، دەوڵەت سوودمەندە لە زانینی ئەم ئامێرانە لە داڕشتنی سیاسەتی هاوردەکردن بۆ وڵات، بەو پێیەی ئەوان باسی زۆرێک لە ئامێر و کاڵاکان دەکەن بە نرخێکی زۆر، لە ئەنجامدا گرنگە سیاسەتێکی هاوردەکردن دابڕێژرێت، کە بە هەمان شێوە لەگەڵ وزەی کارەبا بگونجێت، دەتوانرێت پێویستی راستەقینەی وزە بپێورێت و حیسابی بۆ بکرێت.

هنداوی دەڵێت، خێزانە عێراقییەکان دڵنیا دەکەینەوە کە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە مەرج و زۆرەملێ نییە، بەڵام زۆر بەسوودە لە دیاریکردنی واقیعی راستەقینەی بارودۆخی کۆمەڵگە و زانینی وردەکارییەکانی واقیع، بەدڵنیاییەوە ئەم داتایانەش بە نهێنی دەمێننەوە و بە پێی یاسا لەبەردەستی هیچ لایەنێکدا نابن.

“ئەم داتایانە پەیوەست بە هیچ رێکارێكی باج و یاسای بەکارهێنانی کارەبا یان بەرزکردنەوەی نرخی وزەوە نییە، وەک ئەوە دەنگۆیانەی باسی دەكەن، هەروەها هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی باج و هیچ رێکارێکی پەیوەست بە تۆڕی چاودێریی کۆمەڵاتییەوە نییە”، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان وای وت.

بڕیارە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت و ماوەیەكی زۆرە وەزارەتی پلاندانان لە حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان كار و ئامادەكاری بۆ دەكەن و پرۆسەی ئەزموونیی كارەكەشیان ئەنجامداوە.

حازر بەدەستبن رۆژانی سەرژمێری پرسیاری پێکەنیناوی دەکر...

حازر بەدەستبن رۆژانی سەرژمێری پرسیاری پێکەنیناوی دەکرێ