لە یەکێک لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی راپەڕین
نەخۆشییەک نزیکەی 14 هەزار مریشکی مردار کردەوە
+964
ژێوار خدر
لەماوەی 48 کاتژمیردا لە یەکێک لە کێڵگە پەلەوەریەکانی ناحیەی سەرچاوە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین نزیکەی 14 هەزار مریشک مردار بوونەتەوە و خاوەنی کێڵگەکەش دەڵێت هۆکارەکەی نازانم
فەرحان ئیسماعیل، خاوەنی کێڵگەکەیە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، دوو رۆژ لەمەوبەر بەشێک لە مریشکەکان بێتاقەت و نەخۆش دەردەکەوتن و بردمانن بۆلای پزیشکێكی ڤێرتێرنەری، ئەوکات پزیشکەکە پێی وتین نەخۆشییەکە جێگەی مەترسی نیە و تەنیا گورچیەلایان هیلاکە و دەرمانی پێداین و دوای بەکارهێنانی دەرمانەکە لەماوەی 24 کاتژمێردا هەزار و 500 بۆ دوو هەزار مریشک مردار بوونەوە، دوای 48 کاتژمیر ژمارەکە زیادی کرد و بوو بە نزیکی 14 هەزار مریشک و تەواوی مریشکەکانمان مردار بوونەوە.
وتیشی، دوای مردار بوونەوەی مریشکەکان پزیشکەکە پێی راگەیاندین، مریشکەکان توشی نەخۆشی نیوکاسڵ بوون و بەهۆی ئەوەوە مرداربوونەتەوە.
“زیانی نزیکەی 70 ملیۆن دینارمان بەرکەوتووە بەهۆی مردار بوونەوەی مریشکەکانەوە.” فەرحان ئیسماعیل وای وت.
964 پەیوەندی بە سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری راپەڕینەوە کرد سەبارەت بە هۆکاری مرداربوونەوەی مریشکەکان، ئەو وتی، تاوەکو ئێستا هیچ داوایەک لەسەر ئەم بابەتە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەوان نەکراوە.
وتیشی، ئێستا لە دەڤەری راپەڕین هیچ نەخۆشییەکی کتوپڕی تازە لە ئارادا نییە و زۆربەی کات هۆکاری مرداربوونەوەی پەلەوەرەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی خاوەن کێڵگەکان، بەهۆی کەمتەرخەمی لە ئیدارەدانەوە یاخود سەرچاوەی جوچکەکانیان لە بنەڕەتەوە باش نیە.