بۆ پڕۆژه‌كانى سولار و ئۆتۆمبێلى كاره‌بایی

داوا له‌ چینییه‌كان كراوه‌ به‌ كوالێتى وڵاتانى ئه‌وروپا بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێم داواى له‌ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانى وڵاتى چین كرد ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن، پێویسته‌ به‌ كوالێتى وڵاتانى ئه‌وروپی پڕۆژه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، وته‌بێژی ده‌سته‌ش ده‌ڵێت، هه‌موو كارئاسانییه‌كییان بۆ ده‌كه‌ن.

شاندێکی بازرگانی و خاوەن کۆمپانیاکانی وڵاتی چین هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و پێشنیاری چه‌ندین پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانیان بۆ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان كردووه‌، له‌وانه‌ى پڕۆژه‌ى سولار، زیرەکی دەستکرد و کۆکردنەوە (تجمیع)ـى ئۆتۆمبێلی کارەبایی.

به‌رگه‌شت ئاكره‌یی وته‌بێژى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان به‌ 964ـى راگه‌یاند له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ى وڵاتى چین كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجام داوه‌ و پێیان وتوون پێویسته‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ى له‌هه‌رێم ئه‌نجامى ده‌ده‌ن، به‌پێی كوالێتییه‌كانى وڵاتانى ئه‌وروپا بێت.

وتیشی “ئاماده‌ییمان پیشانداوه‌ كه‌ چینییه‌كان بێنه‌ هه‌رێم به‌ڵام به‌پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ى پێمانداون و ئه‌وانه‌شی كه‌له‌ یاسای وه‌به‌رهێناندا ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌”.

روونیشیكرده‌وه‌، بۆ پڕۆژه‌ى ئۆتۆمبێلى كاره‌بایی داوایان لێكراوه‌ كه‌ كه‌ره‌سته‌و پارچه‌كانى ئۆتۆمبێل له‌ هه‌رێمی كوردستان دروستبكه‌ن و رێژه‌ى 75% ده‌ستى كارى ناوخۆ كارپێبكه‌ن و راهێنانیش به‌و ده‌سته‌ خۆماڵییه‌ى هه‌رێم بكه‌ن.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، چینییه‌كان داوایان كردووه‌ ژماره‌یه‌ك وه‌به‌رهێنى وڵاته‌كه‌یان بێنه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى به‌رچاوڕوونى زیاتریان بۆ كه‌رتى وه‌ربه‌هێنانى هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت.

به‌قسه‌ى وته‌بێژى ده‌سته‌كه‌ ئه‌وان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن كه‌  له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکانی وڵاتی چین پلان و پرۆپۆزه‌ڵى ئه‌م پڕۆژانه‌یان پێشكه‌ش بكه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌هه‌رێمی كرودستاندا ئه‌نجامى بده‌ن.

عێراق له‌به‌رهه‌مهێنانى ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی نزیك ب...

عێراق له‌به‌رهه‌مهێنانى ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی نزیك بووه‌ته‌وه‌