دوو به‌رگه و نزیکەی هه‌زار لاپه‌ڕه‌یه‌

فه‌تواكانى 14 ساڵى رابردووى هه‌رێم چاپده‌كرێن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

یه‌كێتى زانایان، فه‌تواكانى 14 ساڵى رابردووى لیژنه‌ى باڵاى فه‌تواى هه‌رێم له‌ دوو توێی كتێبێك به‌چاپ ده‌گه‌یه‌نێت و به‌رپرسی راگه‌یاندنیش به‌ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ باسیده‌كات و ده‌ڵێت یه‌كه‌مین پڕۆژه‌ى فه‌تواى خۆماڵییه‌.

لیژنه‌ى فه‌توا، له‌ ساڵى 1970 له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى یه‌كێتى زانایانى ئایینى كوردستان دروستكراوه‌ و تاوه‌كو ئێستا به‌سه‌دان فه‌توای له‌باره‌ى بابه‌تى جیاجیاوه‌ ده‌ركردووه‌.

د.عەبدوڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یه‌كێتى زانایان به‌ 964ـى راگه‌یاند، فه‌تواكان كۆكراوه‌ى ساڵانى 2010 تاوه‌كو 2024 ـن و له‌ كتێبێكی دوو به‌رگ چاپ ده‌كرێت كه‌ بە نزیکەی هه‌زار لاپه‌ڕه‌ پێكهاتووه‌.

وتیشی “له‌ قۆناغى كۆتایی كۆكردنه‌وه‌ى فه‌تواكانین و به‌م زووانه‌ ده‌ست به‌ چاپكردنى كتێبه‌كه‌ ده‌كه‌ین و ماوه‌ى مانگێكی پێویسته‌ تاوه‌كو بڵاوده‌كرێته‌وه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، بابه‌ته‌كانى ئه‌م فه‌توایانه‌ هه‌مه‌جۆرن له‌وانه‌ش، كۆمه‌ڵایه‌تى، مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كان، بابه‌ته‌ هاوچه‌رخ و ئه‌لیكترۆنییه‌كان و چه‌ندین بابه‌تى دیكه‌ش.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ گه‌وره‌كان و یه‌كه‌مین پڕۆژه‌ى فه‌تواى خۆماڵییه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌ و به‌چاپ ده‌گه‌یه‌ندرێت ده‌شڵێت “زۆربه‌ى ئه‌و فه‌توایانه‌ى كه‌ له‌ پێش ساڵى 2010 دراون، له‌ گۆڤارى په‌یامى زانایان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌”.

لیژنه‌ى باڵاى فه‌تواى هه‌رێم، سه‌ر به‌ یه‌كێتیی زانایانه‌ و 18 لیژنه‌ى لاوه‌كى له‌ شارو شارۆچكه‌كانى هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.

فه‌تواى هه‌رێم: ئه‌وكاته‌ى گه‌نم دروێنه‌ كرا پێویس...

فه‌تواى هه‌رێم: ئه‌وكاته‌ى گه‌نم دروێنه‌ كرا پێویسته‌ زه‌كاتى لێبدرێت