شۆفێران نەکەن بەسەریدا بڕۆن

پردی خەلیفاوا لە سلێمانی مەترسی داڕمانی لەسەرە

964+

شۆڕش قادری

بارانی بەلێزمە و لافاوی چەند رۆژی رابردوو زیانی بە چەند شوێنێک گەیاندووە و لە سلێمانیش پردی خەلیفاوا مەترسی داڕمانی لەسەرە، شۆفێران ئاگادار بن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “لەبەر رۆشنایی هۆشداری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، ئاگاداری شۆفێرانی بەڕێز دەکەین (پردی خەلیفاوا) لە ناوچەی پیشەسازی و هەروەها کە لە بەکرەجۆوە بۆ هەمان پردی ناوبراو دەڕوات، لە ئێستادا بەهۆی لێزمە بارانی بەخوڕ مەترسی هەرەسهێنان و رووخانی لەسەرە”.

“بۆ پاراستنی سەلامەتیتان داواکارین بەهیچ جۆرێک ئەو پردە بەکارنەهێنن”، هاتوچۆی سلێمانی وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی، سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ سەلامەتی شۆفێران گیراوەتەبەر.