خاوەن پارەكان دەرگای پزیشكەكەیان گرتووە و داوای پارەكەیان دەكەنەوە
“ژنە پزیشكێك بە ناوی پڕۆژەوە پارەی لە خەڵک وەرگرتووە و ساڵێكە هیچی دیار نییە”
+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر
ئەمڕۆ ژمارەیەک هاوڵاتی لە شاری هەولێر لە بەردەم نۆرینگەی پزیشکێک گردبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان دەبڕی، ئەوان دەڵێن ژنە دكتۆرێك پارەیەكی زۆری لێوەرگرتوون بۆ پڕۆژەی نەخۆشخانەیەك، بەڵام ئێستا هیچی دیار نییە.
جومعە سەلام، یەکێکە لەو کەسانە بوو ئەمڕۆ بەشداریی گردبوونەوەكەی كرد و بە 964ی وت، پزیشکێک بەنیازی دروستکردنی نەخۆشخانەی ناحکومی پارەی لەمن وەرگرت، ئێمەش پشکمان هەبێت لە ناو ئەم نەخۆشخانەیەدا، 60 دەفتەر دۆلارم پێدا، هی من بەتەنیا حەوت دەفتەر دۆلار دەبێت، ئەوی دیکە هی کەسانی دیکەیە”.
وتیشی، “ئەم کێشەیە درێژەی هەیە و داوام لەسەری تۆمارکردووە و ئێستاش دەڵێن ئەم ژنە پزیشکە کاری بازرگانی ئۆنلاین دەکات، نەک دروستکردنی نەخۆشخانە، کۆمپیالەی 45 دەفتەر دۆلاری بۆ کردووم”.
نیاز ئەحمەد، کەسێکی دیکە بوو لەوانەی پارەی بە ژنە دكتۆرەكە داوە و بە 964ی وت، “ئەو بڕە پارەی بەو پزیشکەم دابوو لە رێگای کاک جومعەوە بوو، كە 18 دەفتەر دۆلار بوو، بە بیانووی دروستکردنی نەخۆشخانە و قازانجکردنی پشکێک ئێمە بەشداریمان کرد، بەڵام ماوەی ساڵێکە پارەکەی بردووە و نایداتەوە”.
بە قسەی نیاز ئەحمەد، ژنە پزیشكەكە، هاوسەری پزیشكێكی بەناوبانگە و پیاوەكەی بەو كەسانەی وتووە كە پارەیان لای ژنەكەیەتی، خۆی پارەكەیان دەداتەوە، بەڵام ئەویش ئێستا پارەكە ناداتەوە.
ئەو هاوڵاتییانەی بۆ 964 قسەیان كرد، داوا دەكەن حكومەتی هەرێم بێتە سەرخەت و چارەیەكی ئەو كێشەیان بۆ بكات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا