بە ئامانجی کەمکردنەوەی زیانی ئاگرەکان
سیستمی ئاگرکوژێنەوەی پێشکەوتوو لەناو بازاڕی زاخۆ دادەنرێت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بەمەبەستی کەمکردنەوەی زیانی ئاگرەکان، سیستمی ئاگرکوژێنەوە بە شێوازی نوێ و سەردەمیانە لەناو بازاڕی زاخۆ دانرا.
جادەی سەرەکیی بازاڕی زاخۆ کە بە جادەی بەدرخان ناسراوە، ئێستا نۆژەن دەکرێتەوە و لەگەڵ نوژەنکردنەوەی جادەکە، ئیدارەی زاخۆ سیستمی ئاگرکوژێنەوە لەسەر شوستەکان دادەنێت، بۆ ئەوەی لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا، بەرگریی شارستانی بتوانێت بە کەمترین زیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە 964ـی وت، “تائێستا 33 دانە لەو سیستمە لەسەر شوستەکان دانراون و لە داهاتووشدا تەواوی بازاڕ و شوێنە هەستیارەکانی دەرەوەی بازاڕیش بەم سیستمە تەیار دەکرێن”.
وتیشی، چیتر پێویست ناکات، ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و ئاگرکۆژێنەوە لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکان چەند جارێک بگەڕێنەوە بینای بەرگریی شارستانی بۆ هێنانی ئاو، بەڵکو راستەوخۆ و یەکسەر بەو سیستمە، سۆندەکان بە یەکتر دەبەسترێن و بەوەش ئاگرەکە زووتر کۆنتڕۆڵ دەکرێت و زیانەکان کەمتر دەبێتەوە.
جادەی ناو بازاڕی زاخۆ کەمێک تەسکە و لە کاتی رووداوی ئاگرکەوتنەوەدا ئۆتۆمبێلەکانی بەرگریی شارستانی زۆر جار تووشی ئاستەنگی هاتوچۆ دەبن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری