لە توركیا بوو

سودانی هەر ئەمشەو گەڕایەوە بەغدا

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای سەردانێكی یەك رۆژە، ئەمشەو گەڕایەوە بەغدا.

نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی ئەمشەو “هەینی 1.11.2024” بڵاویكردەوە، سەرۆك وەزیران گەڕایەوە بەغدا و كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ توركیا هێنا، كە تێیدا سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغانی بینی.

بەپێی راگەیاندراوێكی دیكەی نووسینگەی سودانی، كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە، “ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەی نێوان سودانی و ئەردۆغان گفتوگۆکردن بووە لەبارەى دوایین پێشهاتەکانى ناوچەکە و پەرەسەندنى مەترسییەکان بۆسەر ئاسایش و سەقامگیرى کە لە لایەن قەوارەى “زایۆنییەوە” دروستبووە”.

ئەوەش خرابووەڕوو ئەردۆغان و سودانى، باسیان لە یەکخستنى هەڵوێستەکانیان کردووە و داوایان لە وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە پاڵپشتى هەوڵەکان بکەن بۆ ئاگربەست و ئاسانکارى بۆ گەیاندنى هاوکارى، بۆ ئەو کەسانەى بەهۆى هێرشەکانەوە تووشى کێشە بوون.

هەروەها هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندى نێوان بەغدا و ئەنقەرە و رێگاکانى کاراکردنى یاداشت و لێکتێگەیستن و رێککەوتنە هاوبەشەکان، گفتوگۆى لەبارەوە کراوە.