وریا بن

لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە خۆراکی ماوەبەسەرچووش ساغ دەکرێتەوە

شۆڕش قادری

کۆمەڵێک هەلپەرست ویستان فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بقۆسنەوە بۆ ساغکردنەوەی کاڵا خراپبووەکانیان، بەڵام لەقافدا گیران و دەست بەسەر کاڵاکانیاندا گیرا.

قائیمقامیەتی قەزای هەڵەبجە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “لە درێژەی کار و چالاکییەکانمان ئەمڕۆ هەینی 1.11.2024 لیژنەکەمان سەردانی مەیدانیی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەی کرد و پاش گەڕان و پشکنین بۆ سەرجەم کەپرەکان و دەستگێڕەکانی دەرەوەی پارکی هەڵەبجە، دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر هەنگوین و جگەری رێگەپێنەدراو و دانەوێڵە، کە شیاوی خواردن نەبوون و ویسترابوو ساغبکرێنەوە”.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، پێشتر لیژنەکەیان رێنماییان داوە بە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە و ئاگاداریان کردوونەوە کەوا نرخ هەڵبواسرێت و گرانی نەکرێت لە فرۆشتن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە.

قایمقامیەتی قەزای هەڵەبجە دەشڵێت، پشکنین و گەڕانی لیژنەکانیان لە رۆژانی فیستیڤاڵی هەنار بەردەوام دەبێت.