مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
مەحمود مەشهەدانی بووە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (پەرلەمان) كۆتایی هات و مەحمود مەشهەدانی بووە سەرۆكی ئەنجومەنەكە.
لە دانیشتنی ئەمڕۆ ئێوارەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك بوو، 271 ئەندام بەشداربوون.
لە گەڕی یەكەمی دەنگدانەكەدا، مەحمود مەشهەدانی 153 دەنگی هێنا و سالم ئەلعیساوییش 95 دەنگی بەدەستهێنا، هەروەها عامر عەبدولجەبار 9 دەنگی هەبوو، 14 دەنگیش بەتاڵ بوون.
دواتر گەڕی دووەمی دەنگدان ئەنجامدرا و تێیدا مەحمود مەشهەدانی بە بەدەستهێنانی 182 دەنگ وەک سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا.
هەروەها سالم ئەلعیساوی 48 دەنگ و عامر عەبدولجەبار 8 دەنگیان بەدەستهێنا، 39 دەنگیش بەتاڵ بوون.
مەشهەدانی، كە كاندیدی هاوپەیمانیی عەزم بوو، دووەم جارە دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێشتر لە 2006 تا 2009 سەرۆكی ئەنجومەنەكە بووە، كە یەكەم سەرۆكی ئەنجومەنەكە بووە لە دوای ئازادكردنی عێراق.
مەحمود مەشهەدانی سیاسییەكی عێراقیی سووننەیە و كۆلیژی پزیشكی تەواوكردووە و لەدایكبووی 1948ـی بەغدایە.