باڵەخانەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم - وێنە: پەیجی دەستەی وەبەرهێنان.
دەستەی وەبەرهێنان وا دەڵێت
ئەم مانگە 26 پرۆژە بایی 700 ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە
964+
ژووری هەواڵ
لە ماوەی یەک مانگدا لە هەرێمی کوردستان مۆڵەت دراوە بە 26 پرۆژە، دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت، رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانیان تەواو کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31.10.2024، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبەردا، مۆڵەتیان داوە بە 26 پرۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار لە کەرتە جیاوازەکاندا.
دەستەی وەبەرهێنان راشیگەیاندووە، پێدانی ئەو مۆڵەتانە سەرەڕای ئەوەیە، کە هەڵبژاردن لەم مانگەدا بەڕێوەچووە و دەیانەوێت تا کۆتایی ئەمساڵ زۆرترین مۆڵەت بە پرۆژەی وەبەرهێنان بدەن.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم، مۆڵەتپێدان بە پڕۆژەکانى وەبەرهێنان لە کەرتى نیشتەجێبوون راگیرا و بڕیارەکە تەنیا بۆ کەرتى نیشتەجێبوون بوو، کەرتەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵى و گەشتیارى نەدەگرتەوە.
لە رۆژى 1.8.2006ـەوە، کە یەکەم مۆڵەتى وەبەرهێنان لە کەرتى نیشتەجێبوونى هەرێم دراوە، تا ئەمڕۆ زیاتر لە 200 پڕۆژەى وەبەرهێنان لە کەرتى نیشتەجێبوون مۆڵەتى پێدراوە و زۆرینەیان تەواو بوون و بەشێکیان لە ژێر کارکردندان.