راوێژکارێكی سەرۆکوەزیرانی عێراق:
هه‌رێمی كوردستان رێگره له جێبه‌جێكردنى (رێگاى گه‌شه‌پێدان)ـى عێراق
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
راوێژكارێکی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌ڵێت، هه‌رێمى كوردستان رێگره له جێبه‌جێكردنى رێگاى گه‌شه‌پێدان، كه عێراق ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌یه‌وه وڵاته‌كه‌ى له‌رووی ئابوورى و بازرگانیه‌وه به ئه‌وڕوپا ببه‌ستێته‌وه.
(رێگاى گه‌شه‌پێدان)، پڕۆژه‌یه‌كی ئابوورى بازرگانى عێراقه له به‌نده‌رى فاوه‌وه ده‌ستپێده‌كات به به‌شێكى هه‌رێمى كوردستان (دهۆك) تێده‌په‌ڕێت بۆ وڵاتى توركیا‌و له‌وێشه‌وه بۆ وڵاتانى ئه‌وڕوپا.
محەممەد ئەلدەراجی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری تەکنیکی، كه به‌شدارى دیداره‌كانى مێری له هه‌ولێر كردووه به 964ـى راگه‌یاند، چه‌ند جارێك داوا له هه‌رێمی كوردستان كراوه بۆ ئه‌وه‌ى هاوكاربێت بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا بێده‌نگ ماوه‌ته‌وه.
وتیشی “پێویسته هه‌رچى زووه رێككه‌وتنێك له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌زوویی ده‌ست به دروستكردنى پڕۆژه‌كه بكرێت”.
به‌قسه‌ى راوێژكاره‌كه‌ى عێراق، ئه‌و به‌شه‌ى رێگاكه كه به به‌شێكى پارێزگاى دهۆكدا تێده‌په‌ڕێت، پێویسته ره‌زامه‌ندى هه‌رێمی كوردستانى له‌سه‌ر بێت، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ره‌زامه‌ندى ده‌رنه‌بڕیوه.
به‌پێی پلانى حكومه‌تى عێراق، پڕۆژه‌ى رێگاى گه‌شه‌پێدان له دروستكردنى رێگاى ئاسنین و رێگایه‌كی خێرا پێكدێت و تاوه‌كو ده‌گاته سنوورى توركیا درێژییه‌كه‌ى هه‌زار و 200 كیلۆمه‌تره، ئه‌و به‌شه‌ى ده‌كه‌وێته سنوورى پارێزگاى دهۆك بریتییه له 30 كیلۆمه‌تر و له باكوورى ره‌بیعه تاوه‌كو فیشخابوور كه ده‌كه‌وێته سه‌رووى پارێزگاى دهۆك رێگاكه‌ى پێدا ده‌ڕوات.