لەلایەن ئاسایشى هەولێرەوە

ئەو کۆمپانیایەى پاترى ئۆتۆمبێلى ساختە دەکرد دەستى بەسەرداگیرا

وریا فەتاح

ئاسایشى هەولێر دەستگیرکردنى خاوەنى کۆمپانیایەکى پاترى ئۆتۆمبێل و کرێکارێکى راگەیاند کە پاترى لە ئێران و تورکیاوە دەهێنایە هەرێم و بە ستیکەرى کۆمپانیاى دیکە ساختەى دەکردن و 20 هەزار پاتریشى لە بازاڕەکانى هەرێمدا فرۆشتووە.

بەپێى راگەیەنراوى ئاسایش، دواى بەدەستگەیشتنى زانیارى و بەڵگە و چاودێریکردنی تیمەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشى هەولێر، لەسەر کۆمپانیای (Real king) بۆ فرۆشتنی پاتری ئۆتۆمبێل، دەرکەوت کە کۆمپانیاكه‌ پاتری ئۆتۆمبێلى لە وڵاتی ئێران و تورکیاوه‌ هاوردە دەکات، دواتر پاترییەکان لەناو کۆگایەک لە نزیک شاری هەولێر بە ستیکەری کۆمپانیاکانی تر دەستکاری و ساختە دەکات.

وەک ئەوەى ئاسایش باسى دەکات، کۆمپانیاکە ژمارەی ئەمپێرەکانی سەر پاترییەکان زیاد دەکات و پاترییەکان لە  25 بۆ 30 ئەمپێری کراوەتە 60 ئەمپێری و زیاتر لە 20 هەزار دانەی ئەم پاتریانە لەناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساخکردووتەوە.

” لە ئەنجامى پێشکەشکردنى زانیاری و بەڵگەکان بۆ دادوەرى لێکۆڵینەوەى ئاسایش، فەرمانى دەستگیرکردن و گرتنەبەرى رێکارە یاساییەکان دەرچوو و خاوەن کۆمپانیاکە بەناوی (ک، و، ج) و کرێکارێکی بیانی بەناوی (ڤ، چ، چ) کە دەستیان لەم ساختەکاریەدا هەبوو دەستگیر کراون و پەڕاوى لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە، هەروەها دەست بەسەر 11 هەزار دانە پاتری دا گیرا”، ئاسایشى هەولێر وا دەڵێت.