ئەگەر چەکفرۆشتان بینی تەلەفۆن بۆ ١٠٤ بکەن
میدیازان -كوردستان ئەحمەد- هەولێر
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ لەهەر شوێنێک بینیتان چەک دەفرۆشرێت، خێرا پەیوەندی بکەن بە پۆلیسی فریاکەوتن بە ژمارە ١٠٤ یان نزیکترین بنکەی پۆلیس ئاگادار بکەنەوە.
وەزارەتی ناوخۆ بازاڕی چەکفرۆشانی قەدەغە کردووە، بەڵام ئاگادارن کە هەندێ کەس هێشتا لەرێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چەک دەفرۆشن، بۆ بنبڕکردنی ئەوەش هیوایان بە هاوڵاتیانە.
هێمن میرانی، بەڕێوبەری گشتی دیوان لەوەزارەتی ناخۆ قسەی بۆ میدیازان كرد و وتی ‘ئاگادارین لە چەند سۆشیاڵ میدیایەكەوە ، رێكلام بۆ فرۆشتنی چەكی بێ مۆڵەت دەكرێت، ئەوە كارێكی نایاسیاییەو سزای قورسی دەبێت و بەدواداچونی بۆ دەكەین’.
میرانی داوا دەکات خەڵک کە لەسۆشیال میدیا ریکلامی چەکیان بینی بێدەنگ نەبن و پۆلیس ئاگادار بکەنەوە.
لە ٢٤ بۆ ٣٠ی ئەم مانگە لای نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی داماڵینی چەکە، لای خۆشمان وەزارەتی ناوخۆ کردویەتییە دەرفەت بۆ چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی داماڵینی چەک.