80%ی كارەكانی تەواوبووە

یاریگەی نێودەوڵەتیی نەورۆز لە سلێمانی كرایەوە

دیلان محەمەد

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 26.10.2024 یاریگەی یانەی نەورۆز لە شاری سلێمانی كرایەوە، كە یاریگەیەکی نێودەوڵەتییە و جێگەی 15 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت، یاریی كردنەوەی یاریگەكەش لە نێوان هەردوو یانەی نەورۆز و نەجەفە.

یاریگەی نەورۆز تەنیا یاریگە نییە و پڕۆژەی كۆمەڵگەیەكی وەرزشییە.

باهیر محەمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەی یاریگەی نەورۆز بە 964ی وت، ئێستا 80%ی پڕۆژەكە تەواو بووە و یاریگەی سەرەكیی تۆپی پێیش تەواو بووە و یاریی تێدا دەكرێت.

وتیشی، پڕۆژەكە نزیكەی 20 ملیۆن دۆلاری لێ خەرج كراوە و لەسەر ستانداری جیهانی و رێنماییەكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی “فیفا” دروست كراوە.

“یانەی نەورۆز ئیتر لە یاریگەی خۆی یاریی دەكات و ناچێتە بە هیچ لایەكدا”، ئەمە قسەی باهیر محەمەدە.

یاریگەی نەورۆز دەكەوێتە نزیك دوو سایدی بەكرەجۆ و لە تەنیشت ماجیدی مۆڵ.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا