زیانی ماددی لێکەوتەوە
لە گوندێکی ئامێدی تەقینەوەیەک روویدا
964+
هیڤی دێوالی -دهۆک
لە سەر رێگای سەرەکی و دەروازەی گوندی مێرستەک لە قەزای ئامێدی بڕێك تی ئێن تی تەقییەوە، جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.
درەنگانی شەوی رابردوو، تەقینەوەیەک لە سەر رێگای گوندی مێرستەک روویداوە و دەنگێکی بەهێز بیستراوە، بەپێی گرتەڤیدیۆیەک کە بۆ 964 نێردراوە، خەڵکی ناوچەکە شڵەژاون و تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون.
هاوڵاتییەکی گوندی مێرستەک بەناوی محەمەد بە 964ـی وت، “درەنگانی شەوی رابردوو گوێمان لە دەنگێکی زۆر گەورە بوو، کاتێک چووینە دەرەوە، بیستمان کە تی ئێن تی لەسەر رێگای سەرەکی و سەرەتای مێرستەک تەقیوەتەوە”.
وتیشی، تەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیان بە دیواری مزگەوتی گوندەکە و چەند ماڵێک کەوتووە.
گوندی مێرستەک نزیکەی 100 ماڵە و دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری