گیان لەدەستدان هەیە

تورکیا 32 ناوچەی بۆردومان کرد و بە چڕی رۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

هێشتا بە دیاریکراوی روون نەبووەتە ئامانجە بنەڕەتییەکەی چییە، بەڵام لە پاش هێرشەکەی قارەمان کەزانی ئەنقەرە، تورکیا درەنگانی ئەمشەو هێرشێکی فراوانی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆ سەر 32 ئامانجی دیاریکراو ئەنجامدا.

لە باشووری کوردستان هەریەک لە ناوچەکانی، قەندیل، چیایی ئاسۆس و شنگال لە رۆژئاوای کوردستان قامشلۆ، کۆبانێ، مەنبج، دێرک و تلڕەفعەت بۆردمان کراون، بە قسەی فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە مەزوڵوم عەبدی بێت، ناوەندی تەندروستی و خزمەتگوزاری بە ئامانج گیراون.

دەزگا خۆجێییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە هێرشەکاندا، باس لە گیان لەدەستدانی حەوت شەڕڤان و هاوڵاتی، لەگەڵ برینداربوونی زیاتر لە 10 کەس دەکەن، بەڵام زیانەکانی ئەو بۆردومانە لە ناوچەکانی باشووری کوردستان دیار نین.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکە هەیە و ئاماژە بەوە دەکات ئەوەی ئەنجامیانداوە، هێرش بووە بۆسەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” و یەکینەکانی پاراستنی گەل “یەپەگە”، لە تۆڕی ئێکس وەزارەتەکە نوسیویەتی، “بەمەبەستی نەهێشتنی هێرشە تیرۆریستییەکان دژی جەماوەر و هێزە ئەمنییەکان بە بێلایەنکردنی پەکەکە/کەجەکە و توخمە تیرۆریستییەکانی دیکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان، لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لەخۆمان کە لە مادەی 51 ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، لە 23ـی تشرینی یەکەمدا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە دژی ئامانجە تیرۆریستییەکان لە باکووری عێراق و سوریا کراوە”.

ئێوارەی چوارشەممەی رابردوو، بەهۆی هێرشێکی چەکداری و دواتر رووداوی تەقینەوە له‌ كۆمپانیای پیشه‌سازى فڕۆكه‌وانى تورکیا توساش، لە ناوچەی قارەمان کەزانی ئەنقەرە، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 22 کەسی دیکە برینداربوون، دواتر زانرا تەقینەوەکە هێرشی چەکداری بووە و لەلایەن سێ کەسەوە کراوە.

روون نییە، ئامانجەکان لە کاردانەوەی هێرشەکەی کۆمپانیای توساش بێت، نە لایەنی تورکیا و نە لایەنی بە ئامانجگیراو بە فەڕمی رایان نەگەیاندووە کێ لە پشت هێرشەکەی توساش بووە، بەڵام تورکیا لە بڵاوکراوەی وەزارەتی بەرگری نوسیوویەتی، “بەمەبەستی نەهێشتنی هێرشە تیرۆریستییەکان دژی جەماوەر و هێزە ئەمنییەکان”، بۆردومانی ناوچەکانیان کردووە.

ژمارەیەک دیمەن،کە کاتی هێرش و پاشماوەکەی نیشان دەدەن؛ وێنەکان: میدیا خۆجێیەکان و هاوڵاتی تۆماریان کردووە