لە هەولێر
کەسێک کوژرا و کەسێکیش برینداربوو
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
لە گەڕەکی سەرکارێزی هەولێر هاوڵاتییەک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
رەوەند حەوێزی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئێمرجێنسی هەولێر بە 964ـی وت، “درەنگانی شەوی رابردوو دوو بریندار هێنرانە نەخۆشخانەکەمان کە بە رووداوێکی تەقەکردن لە گەڕەکی سەرکارێز بریندار ببوون”.
“پاش کەمێک یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەست دا و ئەوەی دیکەشیان، بە خێرایی نەشتەرگەری بۆ کرا و ئێستا تەندروستی جێگیرە”، رەوەند حەوێزی وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەوتەی چەند شایەتحاڵێک لە گەڕەکی سەرکارێز ماتۆڕسوارێک تەقەی لە هاوڵاتییەک کردووە و جگە لەو هاوڵاتییە کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
تا ئێستا پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی هەولێر هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.
964 پەیوەندی بە پۆلیسی هەولێرەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکە وەڵامنەدرایەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری