بە فێڵی ئەوەی خانوویان بۆ دروست دەکات

لە سلێمانی 500 هەزار دۆلاری خەڵکی برد و لە کەرکوک دەستگیرکرا

شۆڕش قادری

کەسێک لە سلێمانی بە ناوی نووسینگەی خانووبەرەوە،  500 هەزار دۆلاری خەڵکی برد و لە کەرکوک دەستگیر کرا.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ـی وت، “زانیاریمان بەدەست گەیشتووە کە کەسێک نزیکەی 500 هەزار دۆلاری لە خەڵک وەرگرتووە و پێانی وتووە کە خانوویان بۆ دروست دەکات، بەڵام هەڵاتووە و پارەکەی نەداونەتەوە”.

“ئەو کەسە لە کەرکوک دەستگیر کراوە و دادگای مەدەنی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکات”، سەرکەوت ئەحمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، زانیاریی زیاتر لای دادگای مەدەنییە و لای پۆلیس نییە، ئەو کەسانەش کە پارەکەیان خوراوە، لە دادگای مەدەنی سکاڵایان تۆمار کردووە.

سەرکەوت ئەحمەد وتیشی، داوایان لە دادگای مەدەنی کەرکوک کردووە، تۆمەتبارەکەیان رادەست بکاتەوە.