"رێزگرتنه‌ له‌ دیموكراسییه‌ت"

سودانى پیرۆزبایی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سەرۆكوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە هەرێمی كوردستان و سەرجەم هێزە سیاسی و كاندیدە سەربەخۆكان كرد به‌بۆنه‌ى كۆتاییهاتنى پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان.

نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی دەڵێت، “ئەمە درێژەدانە بە هەڵبژاردنی دیموكراسی بۆ گەلەكەمان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، ئەم هەڵبژاردنە رێزگرتنە لە بەهای دیموكراسی و باوەڕبوون بە گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و چەسپاندنی پێكهاتەی دەستوورە، ئەمانە دەستكەوتن كە بەبێ قوربانیدانەكان بەدی نایەت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 20.10.2024 هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەرپەرشتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوەچوو.