لە خەلیفان
ماتۆڕسوارێك لە رووداوێكی هاتوچۆدا گیانی لەدەست دا
+964
ئاکام غەفور-سۆران
لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و ماتۆڕێدا، ماتۆڕسوارەكە گیانی لەدەست دا.
رووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەمە 20.10.2024 لە سەنتەری قەزای خەلیفان روویداوە، ماتۆڕەكە دوای ئەوەی وەردەگەڕێت خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلێک و بەهۆیەوە شۆفێری ماتۆڕەکە گیانی لەدەستداوە.
کاروان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی خەلیفان، بە 964ـی وت، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵان گەیەندرایە نەخۆشخانەکەیان، کە بەهۆی رووداوی هاتوچۆ بریندار ببوو، لە دوای چارەسەری پێویست بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران.
وتیشی، بریندارەکە لە سەری تووشی خوێنبەربوون هاتبوو، بۆیە بەهۆی سەختیی برینەکەی لە دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانەی ئاشتی، گیانی لە دەستداوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا