"پێشێلی بەها ئەخلاقی و نیشتمانییەکانی کردووە"
دەستەی راگەیاندنی عێراق مۆڵەتی کارکردنی MBC هەڵوەشاندەوە
964+
شۆڕش قادری
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق مۆڵەتی کارکردنی کەناڵی MBCـی سعودی هەڵوەشاندەوە.
ئەمڕۆ شەممە 19.10.2024 دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “بە پشتبەستن بەو ئەرکەی کە بەپێی رێسا و یاساکان پێمان سپێردراوە بۆ رێکخستنی کەرتی میدیا و رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی ئەو کەرتە و پێشێلکردنی بەها ئەخلاقی و نیشتمانییەکان، بڕیارماندا بە راگرتنی پەخشی کەناڵی MBC.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو رێکارێکی یاسایی پێویست دەگرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە کارکردنی تیمەکانی ئەو کەناڵە لە عێراق و لقی جێبەجێکاری دەستەکەیان راسپێردراوە، مۆڵەتی کارکردنی هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە شەوی رابردوو لە شاری بەغدا ژمارەیەک کەس هێرشیان کردەسەر نووسینگەی کەناڵی MBC و هۆكاری ئەو هێرشەش بۆ راپۆرتێك دەگەڕێتەوە، كە لەسەر سەركردە كوژراوەكانی حەماس و حزبوڵا پەخشی كردووە و بە تێڕوانینی خۆپیشاندەران، سووكایەتی بە سەركردەكانی حەماس و حزبوڵا كراوە.
كەناڵی MBC لە تۆڕە كەناڵێك پێكهاتووە و خاوەندارییەتییەكەی بۆ خانەوادەی پاشایەتی سعودیە و بە تایبەتی وەلید بن تەڵاڵ دەگەڕێتەوە، كە كەناڵی 1 MBC یەكەم كەناڵی ئاسمانیی عەرەبییە و لە 1991 لە لەندەن دامەزراوە.