پارە ساختەکانی رانیە گیران

میدیازان – هاوبەش – رانیە

لە رانیە دوو کەس بە سێ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دیناری ساختەوە دەستگیرکران، ئاسایش دەڵێت ویستویانە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ساغی بکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین رایگەیاند، پارە ساختەکە لە جۆری ٢٥ هەزار دیناری و ١٠ هەزار دینارییە.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئاسایشی راپەڕین، دوو تۆمەتبارەکە لە شاری کەرکووکەوە هاتبوونە رانیە و دوێنێ لەکاتی تێپەڕبوون بە بازگەیەکی کاتی هێزەکانی ئاسایشدا دەستگیرکراون.

ئەمساڵ لە ئیدارەی راپەڕین شەش کەس بە تۆمەتی ساغکردنەوە و بەکارهێنانی دراوی ساختە دەستگیرکراون. لە مانگی ئازاری ئەمساڵ چوار کەس بە هەمان تۆمەت دەستگیر کران.

ئەو چوار کەسە بەڕەگەز سووری بوون و هەر چواریان هەڵگری پێناسی باری شارستانی ساختەبون و دوو سەد هەزار دینار دراوی ساختەیان پێبوو لە جۆری ٢٥ هەزاری.