تەنیا بۆ فەرمانبەرانی شارەوانییە

ئەمڕۆ دابەشكردنی زەوی لە هەولێر دەستپێدەكات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ دابەشكردنی زەوی لە هەولێر دەستپێدەكات، وەك قۆناغی یەكەمیش پێنج هەزار كارت بەسەر فەرمانبەرانی وەزارەتی شارەوانی دابەش دەكرێت.

كارزان عەبدولهادی بە 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 10ی بەیانی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کارتی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شارەوانی دابەش دەکرێت.

وتیشی، ئەمە یەکەم قۆناغی دابەشکردنی زەوییە لە هەولێر و بە تیروپشک دەبێت، کە پێنج هەزار کارت لەخۆدەگرێت.

“ماوەی چەند مانگێکە بەچڕی کار لەسەر پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر دەكەین”، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر وای وت.

كارزان عەبدولهادی زانیاریی زیاتری نەخستەڕوو، تەنیا ئەوەشی باس كرد، كە پرۆسەی دابەشکردنی کارتی زەوی لە قۆناغەکانی داهاتوودا درێژەی دەبێت.

یەكەم وەجبەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، دوێنێ چوارشەممە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستیپێكرد و كارتی زەوی بە ژمارەیەك فەرمانبەر درا.

لە 27.3.2024 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاری دا بە تەرخانكردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا لە هیچ ئیمتیازێكی زەوی و شوقە سوودمەند نەبوون، كە ماوەی زیاتر لە 16 ساڵە زەوی بە فەرمی لە هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە.

10 ساڵە زاخۆ چاوەڕێی دابەشكردنی پێنج هەزار زەویە

10 ساڵە زاخۆ چاوەڕێی دابەشكردنی پێنج هەزار زەویە