وێنەیەكی گوللەتۆپەكە. فۆتۆ: 964
"مەترسیدار بوو"
گوللەتۆپێکی مەترسیدار لە سیدەکان هەڵگیرایەوە
+964
ئاکام غەفور-سۆران
لە قەزای سیدەکان لە کاتی کارکردن لە پڕژەی ئاوەڕۆی سندوقی شارەکە، گولـلەتۆپێک کە نەتەقیبوو، دۆزرایەوە، دەزگای مینیش دەڵێت، گولـلەتۆپەکە زۆر مەترسیدار بوو.
لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزای سیدەکان، لە کاتی کارکردنی حەفارەیەک گوللـەتۆپێک دەرکەوت، کە لە ژێر خاک بووە، گولـلەتۆپەکە نەتەقیوە، لە دوای دەرکەوتنیشی، خەڵکی گەڕەکەکە پەیوەندییان بە دەزگا مینەوە كرد و ئەوانیش هەڵیانگرتەوە.
فەرسەت مەحمود، دانیشتوی گەڕەکی فەرمانبەران لە سیدەکان، قسەی بۆ 964 کرد و دەڵێت، “لە کاتی کارکردنی تیمەکان لە پرۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی قەزای سیدەکان، گولـلەتۆپێک دەرکەوت، کە ببووە هۆی مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان، بە تایبەت منداڵان دەستکارییان دەکرد، ئێمەش پەیوەندیمان کرد بە هێڵی خۆڕایی ژمارە 182 دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەولێر، خۆشبەختانە ئەمڕۆ تیمەکانی مین هاتن و گولـلەتۆپەکەیان برد.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مین لە دهۆک بەشێک لە کارەکانی راگرتووە
لای خۆیەوە، رابەر ئەنوەر، راگەیاندنی دەزگای مینی هەولێر، بە 964ـی وت، “گولـلەتۆپەكە لەلایەن تیمەکانمان هەڵگیرایەوە، كە مەترسی هەبوو بۆ سەر گیانی خەڵکی ئەو گەڕەکە و گولـلەتۆپەکە نەتەقیبوو”.
وتیشی، سنووری سیدەکان ئێستاش رێژەیەکی زۆر مین و گولـلەتۆپی لێ ماوە، کە ماوە ماوە بە دیار دەکەون، داواکارین لە هاوڵاتیان کە هەر پارچە تەقەمەنییەكیان بینی لێی دووربکەونەوە، راستەوخۆش پەیوەندی بکەن بە ژمارە 182، پەیوەندی کردن بەو ژمارەیە بێ بەرامبەرە، بۆ ئەوەی تیمەکانمان بە زووترین کات بتوانن ئەو پارچە تەقەمەنییانە هەڵبگرنەوە”.
هێشتا دیار نییە ئەو پارچە تەقەمەنییە هی چ كاتێكە، بەڵام پێدەچێت هی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران بێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا