بەڵای ئەمساڵ بۆ باخەوانەکان

مێشێک هەناوی هەنارەکانی هەورامانی خواردووە

964+

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

ئەگەرچی ھەناری ھەڵەبجە و ھەورامان، ھەمیشە پێشەنگە و یەکێک بووە لە باشترین بەرھەمەکانی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ مێشێکی بچووک بووەتە بەڵا و بەشێک لە ھەنارەکانی خراپ کردووە بە شێوەیەک کە کەڵکی خواردنیان نەماوە.

عەبدوڵا محەمەد، باخەوان لە گوندی ئەحمەدئاوا بە 964ـی وت، ” ئەمساڵ بەشێکی زۆر لە بەرھەمی باخەکەم بە ھۆی مێشێکەوە لەناوچووە، ھەندێک ساڵ ئەو بەرھەمەی بەھۆی ئەو مێشەوە لەناودەچێت، کەمە و چارەسەری ئاسانە، بەڵام ئەمساڵ ھەنارە خراپەکان ئەوەندە زۆرن کە فریا ناکەوین لێیان بکەینەوە و فڕێیان بدەین”.

والی حەمەخالید باخەوانێکی دیکەیە و دەڵێت، “باخەکەی ئێمەش بەدەر نییە لەو مێرووە، بەڵام رێژەکەی کەمە و زۆر بەرچاو نییە، چونکە شوێنی ئێمە رادەی شێی کەمترە و بەراورد بەو باخانەی نزیک ئاون، ئەگەرچی چەند جارێک دەرمانی باخەکەمان کردووە، بەڵام بە تەواوی چارەسەری ئەو مێرووەی نەکردووە”.

سەبارەت بەو پرسە نەجمەدین عومەر، بەڕێوەبەری بەشی باخداری لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئەوە حاڵەتێکە تووشی زۆرێک لە میوەکانی وەک ( قۆخ، قەیسی، زەیتوون، ھەنجیر، و ھەنار)یش دەبێت، لە کاتی پێگەیشتنیاندا، مێشێک کە لە مێشی ماڵان بچووکترە و لە ھەموو ئەو  شوێنانە ھەیە، کە فێنکن و رادەی شێ تیایاندا بەرزە، ئەمساڵ رادەی شێ لە ئەحمەدئاوا زۆر بەرزبووە، بۆیە حاڵەتەکە زۆر و بەرچاوە لەو گوندە”.

بە قسەی نەجمەدین عومەر، بۆ چارەسەری ئەو حاڵەتە کۆمەڵێک رێکار هەن کە بریتین لە:

1- نابێت درەختی میوەی جیاواز بە تێکەڵی بچێنرێت و پێویستە جیا بکرێنەوە.

2-کاتی پێگەیشتنی میوەکان، ئەو میوانەی کە حاڵەتەکەیان ھەیە، کۆبکرێنەوە، یان بکرێن بەژێر خۆڵەوە، یان بسووتێنرێن.

3-بەکارھێنانی فۆرمولی مێروو، کە مادەیەکە بە درەختەکەوە ھەڵدەواسرێت، مێرووە زیانبەخشەکان لە خۆی کۆدەکاتەوە و لەناویان دەبات.

نەجمەدین عومەر، ھۆشداری دەدات لە بەکارھێنانی مادەی کیمیایی و دەڵێت، “لەبەر ئەوەی میوەکان لەکاتی پێگەیشتنیاندا تووشی ئەم مێرووە دەبن، بەکارھێنانی مادەی کیمیایی زۆر مەترسیدارە بۆ ئەو کەسانەی میوەکە دەخۆن”.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

ئەگەر کەپرت لە فێستیڤاڵی هەنار دەوێ ناونووسین دەستیپێ...

ئەگەر کەپرت لە فێستیڤاڵی هەنار دەوێ ناونووسین دەستیپێکرد

دووەمین فێستیڤاڵی هەنار و هەنگوین لە زاخۆ بەڕێوەچوو

دووەمین فێستیڤاڵی هەنار و هەنگوین لە زاخۆ بەڕێوەچوو