دوو سایدی هەولێر خەبات نۆژەندەکرێتەوە

میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر

 حکومەتی هەرێم، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی رێگای دوو سایدی هەولێر خەباتی راگەیاند، بەڵام دیار نییە کەی دەست پێدەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی تشرینی یەکەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری نۆژەنکردنەوەی رێگای دووسایدی هەولێر خەبات دا، بۆ ئەمەش ملیارێک و ٢١٠ ملیۆن و ٣١٢ هەزار دیناری بۆ تەرخان کراوە.

 پارێزگای هەولێر، لە راگەیەنراوێکدا کە کۆپی بۆ میدیازان نێردراوە، دەڵێ لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێر بۆ ساڵی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی دا لەسەر تەرخانکردنی  ملیارێک و ٢١٠ ملیۆن و ٣١٢ ھەزار دینار،  بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە ڕێگای دوو سایدی ھەولێر- خەبات.

 دووسایدی هەولێر خەبات کە درێژییەکەی ٣٧ کیلۆمەتر دەبێت، ماوەیەکی زۆرە خەڵک نارەزایەتی لەسەر تێکچوونی رێگایەکە دەردەبڕێت، بەهۆی ئەوەی  بەردەوام رووداوی هاتوچۆی لێ روودەدات، بەتایبەت لەنێوان بارهەڵگرو ئۆتۆمبێلی ئاسایی کە زۆرجار مردنی لێ دەکەوێتەوە، خەڵکی هەولێر بە دووسایدی مەرگ ناوی دەبەن.

“بڕیارەکە دەرچووە بەڵام هێشتا ئەوە روون نەکراوەتەوە کە کوێی دووسایدەکە نۆژەن دەکرێتەوە،”

 عیماد حەمەدئەمین، بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنەوەی رێگاوبان بە میدیازانی راگەیاند، بڕیارەکە دەرچووە بەڵام هێشتا ئەوە روون نەکراوەتەوە کە کوێی دووسایدەکە نۆژەن دەکرێتەوە، کەی دەست بە نۆژەن کردنەوەکەش دەکرێت.

زیاتر وتی “بەپێی ئەو دەرخستەیەی ئێمە کردوومانە لەماوەی رابردوودا، سێ شوێنی گەورەی شەقامەکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، قۆناغی یەکەم لە بازگەی کانی قرژاڵە تا ناحیەی رزگاری لە سایدی چوون لە هەولێرەوە بۆ خەبات، ئەو قۆناغە پێویستی ٩٩٧ ملیۆن دینار هەیە، هەرچی قۆناغی دووەمە کە لە گومرگی هەولێر تا بازگەی کانی قرژاڵە دەگرێتەوە بە سایدی چوون بۆ خەبات، ئەوا پێویستی بە ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن دینار هەیە، قۆناغی سێیەمیش لە کانی قرژاڵە تا گومرگە لە سایدی هاتن بۆ هەولێر کە پێویستی بە سەرووی ٩٠٠  ملیۆن دینار هەیە”.